دەستەی گشتیی گەشتوگوزار: لەمەودوا گرنگیی زیاتر بە گەشتوگوزاری ئایینی دەدەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەی گشتیی گەشتوگوزار: لەمەودوا گرنگیی زیاتر بە گەشتوگوزاری ئایینی دەدەین

بەرپرسێکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێ بە مەبەستی بایەخدان بە گەشتوگوزاری پێکهاتە ئایینیەکانی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی پێکهاتە جیاوازە ئایینییەکان لە پلانماندایە گرنگی بە گەشتوگوزاری ئایینی بدەین.


نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "هاوشێوەی گەشتوگوزاری هاوینە و زستانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکانی کوردستان پلانمان هەیە گرنگی بە گەشتوگوزاری ئایینی بدەین و ئێمەش هاوشێوەی وڵاتانی تر خاوەنی ژمارەیەکی زۆر شوێن و ناوەندی ئایینین کە وەکو گەشتوگوزار دەتواندرێت سوودیان لێوەربگیرێت و ساڵانە خەڵکانێکی زۆر لە ئایینە جیاوازەکان سەردانی ئەو مەزارگانە دەکەن و دەکرێت لەو ڕێگەیەوە داهاتێکی باش بچێتە خەزێنەی حکوومەتەوە و سوود لەو پڕۆژە گەشتیارییە وەربگیرێت".

گوتیشی: "لە زۆرینەی وڵاتانی دونیا شوێنە ئایینییەکان و شوێنە دێرینەکان و مەزارگەکان، خزمەتگوزاریی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت و ڕێکدەخرێنەوە بە مەبەستی ڕاکێشانی گەشتیار و وادەکات ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕوو لەو شوێنانە بکەن، لە کوردستانیش شوێنی لە مشێوەیەمان زۆرە کە بنەمای ئایینی و گەشتوگوزارییان لەخۆ گرتووە، لەوانە پەرستگای لالش کە لە هەموو جیهان تەنیا یەک لالش هەیە و ساڵانە ئێزیدییەکان دوو جار سەردانی ئەو پەرستگایە دەکەن، تاوەکو ئێستا ئەو شوێنە وەبەرهێنانی تێدا نەکراوە و بە گەشتیاری نەکراوە کە ببێتە هۆی بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر و جگە لە ئێزیدییەکانیش خەڵکانێکی زۆر بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکانیان سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، هەروەها بارەگا و تەکیەی نەقشبەندی لە هەرێمی کوردستان کە ساڵانە خەڵکانێکی زۆر ڕووی تێدەکەن و دەتواندرێت سوودی لێوەربگیرێت".


ڕاشیگەیاند: "ئێمە مەبەستمانە لە چوارچێوەی پلانێکدا کار بۆ بە گەشتیاریکردنی ئەو ناوەندە ئایینیانە بکەین کە بنەمای گەشتیارییان تێدایە بەبێ جیاوازی و ڕەچاوی هیچ ئایینێک، ئەمڕۆش هەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ نوێنەری هەر یەک لە نوێنەرانی ئیسلام، زەردەشتی، کریستان، ئێزیدی، بەهاییەکان، کاکەیەکان، جووەکان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێی ئەم بابەتەمان کرد بۆ ئەوەی بۆ داهاتوو کاری لەسەر بکەین".