بۆ ئەمریکا هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەلتەرناتیڤی عێراق و تورکیا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆ ئەمریکا هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەلتەرناتیڤی عێراق و تورکیا

سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی: چاوەڕوانکراوە لەگەڵ کردنەوەی کونوسوڵخانە گەورەکەی ئەمریکا دیپلۆماتکار و زۆرینەی هێزەکانی لە عێراقەوە بۆ هەولێر بگوازێتەوە

بۆ ئەمریکا هەرێمی کوردستان دەبێتە شوێنگرەوەی عێراق و تورکیا و سەرۆکی ئینستیتیوتی (توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی)یش، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە چاوەڕوانکراوە لەگەڵ تەواوبوون و کردنەوەی کونوسوڵخانە گەورەکەی ئەمریکا لە هەولێر، ئەمریکا هێزەکانی لە عێراقەوە بۆ هەولێر بگوازێتەوە.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییە جیهانییەکان، بەردەوامی هەڕەشەکان لەسەر ناوچەی سەوز لە بەغدا، وای لە ئەمەریکا کردووە بیر لە بژاردەی گواستنەوەی هێزەکانی لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەدیارکراوی بۆ هەولێر بکات.

شارەزایانیش لە سیاسیەتی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن ئەگەری زۆرە ناکۆکیەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی بایدن لەگەڵ تورکیا، هەولێر بکاتە شوێنگرەوەی عێراق و تورکیا بۆ ئەمریکا.

لەمبارەوە، سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، کردنە ئامانجی بەردەوامی باڵوێزخانەی ئەمریکا لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی بەتایبەت ئەو گروپانی کە بە (وەلائی) ناسراون، کەشێکی ناسەقامگیری بۆ (دیپلۆماتکارانی ئەمریکا) لە بەغدا دروستکردووە، بۆیە ئەگەرێکی چاوڕووانکراوە لە کاتی بەردەوامی هێرشە موشەکیەکان، ئیدارەی بایدن بڕیاربدات نێردە دیبلۆماسیەکانی بگوازێتەوە بۆ هەولێر، چونکە لەلایەک هەولێر پێگەیەکی سەقامگیر و ئارامی هەیە، لەلایەکی تریش ئەمریکا گەورەترین کۆنسوڵخانە لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێر دەکاتەوە، بۆیە باشترین ئەلتەرناتیڤی ئەمریکا لە شوێنی (بەغدا) چاوەڕواندەکرێت (هەولێر) بێت و دیپلۆماتکاران و زۆرینەی هێزەکانی بهێنێتە هەولێر. گووتیشی “بە دڵنیاییەوە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا قازانجی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەمەرجێک سەرکردایەتی سیاسی کوردستان گرەنتی پاراستنی هەرێمی کوردستان بە شێوەی (ڕێکەوتنی نوسراو) لەگەڵ ئەمریکادا واژوو بکات”.

ئاماژەی بەوەش دا، هەبوونی ئەمریکا دەبێتە هۆی پاراستنی بەردەوامی قەوارەی هەرێمی کوردستان و لە هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی دەیپارێزێت، گووتی “جگە لەوەش هەبوونی ئەمریکا دەبێتە هۆی بووژانەوەی سێکتەری ئابووری، لە ڕێگای ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوڕووپیەکان، جگە لەوەش هەبوونی ئەمریکا دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و هەروەها بەردەوامیدان لە پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە لە بواری ڕاهێنان و پڕ چەکردن و هاوکاری لۆجستی لە پێناو ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە کە ئێستا ئەمریکا کاری تیادا دەکات”.

سەبارەت بە تورکیاش، ئەو شارەزایە لە سیاسەتی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر زۆر هەیە پەیوەندی نێوان ئیدارەی بایدن و تورکیا بەرەو ئاڵۆزی بڕوات، لەبەرئەوە هەولێر نەک تەنها ئەلتەرناتیڤی بەغدا دەبێت، بەڵکو دەکرێت ئەلتەرناتیڤی بنکەی ئەنجەرلیکیش بێت بۆ ئەمریکا لە حاڵەتی تێکچوونی پەیوندیەکانی نێوان بایدن و ئۆردۆگان و سەپاندنی سزای ئابووری لە رێگای یاسای (کاتسا) بەسەر تورکیادا.

جێی باسە، كونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کە ئێستا لە قۆناغی کۆتایی دروستکردنیدایە، ڕووبەری 200 هەزار مەتر دووجا دەبێت و کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەكی نێوان هەولێر - پیرمام، کە بەپێی راگەیەنراوی پڕۆژەکە، تێچووەکەی 795 ملیۆن دۆلارە کە چاوەڕوانکراوە نزیکەی ساڵێکی دیکە کارکردن تیایدا تەواو بکرێت.