كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
حەمەسەعید حەسەن 01/02/2021

ئەکرەمی مام عەلی

ئەوی هەر بۆ خۆی بژی، تەنیا یەک جار دەژی،
ئەوی بۆ خۆی و بۆ خەڵک بژی، چەندان جار دەژی.
ئەکرەمی مام عەلی (١٩٥٥ - ٢٢ی ١ی ٢٠٠٢) ئەگەر هەر بۆ خۆی ژیابا،
لە دڵی ئێمەدا نەدەژیا.

تەنیا بە خوێندنەوە، دەق بوونی خۆی وەک کارێکی ئەدەبی دەسەلمێنێت، ئەگەرنا پێش ئەوەی بە دیداری خوێنەر شاد بووبێت، ناتوانێت بانگەشە بۆ هەبوونی خۆی بکات. هەر کتێبێک با هەزاران دانەیشی لێ چاپ کرابێت، گەر کەس نەیخوێندبێتەوە، کتێب نییە. کاری ئەدەبی بە دوو باڵ دەفڕێت، باڵی یەکەمیان نووسەری دەقەکەیە و باڵی دووەمیان خوێنەر. ئەو دەقەی خوێنەر لە ئامێزی نەگرێت، کارێکی ئەدەبی نییە.

ئەو نووسەرەی ڕێزی خوێنەری خۆی بگرێت، هەموو شتێک ناڵێت، هەمیشە شتێک یان چەند شتێک، بۆ خەیاڵی خوێنەر بەجێ دەهێڵێت، هەمیشە هەندێک بۆشایی بەجێ دەهێڵێت و ئەرکی پڕکردنەوەیان بە خوێنەر دەسپێرێت. بۆیە دەق کۆمەڵێک خوێندنەوە هەڵدەگرێت، چونکە هەر خوێنەرە و بە شێوازی خۆی، بۆشایییەکان پڕ دەکاتەوە. نووسەر دەبێت بوار بە خوێنەریش بدات، خەیاڵی بخاتە گەڕ، نووسەر نابێت تەواوی وێنەکە بکێشێت، دەبێت لێ بگەڕێت خوێنەر تەواوی بکات. (کانت) پێی وایە: تەنیا کەسانی بلیمەت دەتوانن کارێکی هونەریی نەمر بەرهەم بهێنن، هەرگیز کەسانی ئاسایی، ناتوانن لاسایی ئەو بلیمەتانە بکەنەوە. ئەگەر نووسین بە گشتی و نووسینی کاری ئەدەبی بە تایبەتی، ئیشێکی ئاسان بووایە، هەمووان دەبوون بە نووسەر.

هەمزە عەلی ساڵح، فوئاد موحەممەد ئەمین و ئەکرەم عەلی ساڵی ١٩٧٧ بە سێقۆڵی، کتێبێک بە ناونیشانی: (کۆمەڵێ چیرۆکی ئاوس)ەوە(١) بڵاو دەکەنەوە، کە بریتی دەبێت لە سێزدە کورتەچێرۆک، کۆرتەچیرۆکەکان سێیان هی فوئاد موحەممەد ئەمین دەبێت، پێنجیان هی هەمزە عەلی ساڵح و پێنجیان هی ئەکرەم عەلی. ئەکرەم عەلی ناوی: (چیرۆکە ئاوسەکان) لە کورتەچیرۆکەکانی خۆی دەنێت. ئەکرەم عەلی ساڵی ١٩٥٥ لە دایک بووە، کە یەکەمین چیرۆکی: (ڕووبارێک لە سەهۆڵ)ی بڵاو کردووەتەوە، (ژمارە ٢٢ی ڕۆشنبیری نوێ ١ی ١٠ی ١٩٧٤) تەمەنی نۆزدە ساڵ بووە. ئەکرەم عەلی ساڵی ١٩٧٧ بە بیست و دوو ساڵی، بیری لەوە کردووەتەوە، چیرۆکی ئاوس، نەک ئاسایی، بنووسێت. ڕووبارێک لە سەهۆڵ کە ناونیشانێکی نائاسایییە و دەربڕێنێکی نوێیە، بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەو هەر لە دەستپێکەوە بیری لای ئەوە بووە، لە ئەدەبی باو یاخی ببێت.

(چەقۆیەکی تیژ دڵی ئەو شەوەی شەقار دەکرد و دڵۆپ دڵۆپ خوێن کۆ دەبووەوە، تا دەبوو بە ڕووبارێ، ڕووبارەکەش دەستی لێ دەڕوا و قاچی لێ پەیدا دەبوو و هەڵدەستایە سەر پێ.)(٢) ئەوە یەکەمین پەرەگرافی یەکەمین چیرۆکی ئەکرەمە کە بریتییە لە چەند وێنەیەکی سوریالی. ئەگەرچی ئەو ساڵی ١٩٧٤ بەو شێوازە سەرسووڕهێنە دەستی بە نووسین کردووە، وەلێ دواتر، وەک بە چیرۆکەکانی کۆمەڵەچیرۆکی (بازنەی خۆر)ەوە(٣) دیارە، لە هەواری ڕیالیزمدا بارگە دەخات و ئیدی تا چیرۆکی: دەسەڵاتی گەسک(٤) کە ١٩٩٥ نووسیویەتی و پێ دەچێت دوا چیرۆکی بێت، ئەو هەوارە بەجێ ناهێڵێت. ئەکرەم عەلی ١٩٩٣ کۆچیرۆکی: (بازنەی خۆر) کە لە شەش چیرۆک پێک هاتووە، بڵاو دەکاتەوە، ئەو نامیلکەیە هیچ دەنگدانەوەیەکی نابێت و هیچ قەڵەمێک بەسەری ناکاتەوە، هەرچەندە زۆر بەرهەمی، لە ڕووی هونەرییەوە لە بازنەی خۆر کەمبایەختر، گرنگیی پێ دراوە.

(ددانپێدانانەکان)ی ڕۆسۆ، (بیرەوەرییەکانی ئەودیو گڵکۆ)ی شاتوبریان، (ئەگەر تۆوەکە نەمردبا)ی ئەندرێ جید، (ڕۆژەکان)ی تەها حوسەین، (وەرزی کۆچی بەرەو باکوور)ی ئەلتەیب ساڵح، (زەلکاو)ی حەننا مینە و (نانی ڕووت)ی موحەممەد شوکری، نموونەی باڵای ئەدەبی ژیاننامەن. دەشێت گونجاوترین ژانر بۆ گێڕانەوەی ژیاننامە، چیرۆک بێت، وەلێ داهێنەر دەتوانێت، لەڕێی شیعر و گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی بیرەوەرییەکانیشییەوە، ڕووناکی بخاتە سەر نهێنییەکانی ژیانی. کلیف جیمس پێی وایە: یەکەمین ڕۆمانی هەموو نووسەرێک، گێڕانەوەی ژیاننامەی خۆیەتی لەودیو دەمامکێکەوە.

گەرچی چیرۆکبێژ لە هەموو چیرۆکەکانی (بازنەی خۆر)دا هەموو شتێک دەزانێت، بەردەوام ئامادەیە، ئاگای لە هەموو ورد و درشتێکە و چاوی لە هەموو گرتەیەکە، وەلێ چیرۆکنووس نییە، دەمامکێکە نووسەر خۆی لە ئەودیوییەوە شاردووەتەوە. چیرۆک با بە جێناوی تاکی بگۆیش بگێڕدرێتەوە، نابێت بەوە فریو بخۆێن و وای بۆ بچین، چیرۆکبێژ خودی چیرۆکنووسە. چیرۆکی (نامە بەدەکان)(٥) کە ساڵی ١٩٩٢ نووسیویەتی و پێ دەچێت، ناوەکەی لە کۆمەڵەشیعرەکەی بۆدلێر: (گوڵە بەدەکان)ەوە وەرگیرابێت، یەکێکە لە بەرهەمە هەرە بەپێزەکانی ئەکرەم عەلی.

لە (نامە بەدەکان)دا خوێنەر هەست بە فرەدەنگی دەکات و هەر کارەکتەرە و ناسنامەی خۆی هەیە. هەست ناکەین نووسەر هەوڵی دەستتێوەردانی دەقەکە و سەپاندنی بۆچوونی خۆی دابێت، دوو کارەکتەرە سەرەکییەکە، دوو کەسی تەواو جیاوازن و لە یادی خوێنەردا دەمێننەوە. ئەکرەم عەلی خوازیارە لەڕێی ئەو چیرۆکەوە پێمان بڵێت: خۆ بەستنەوە بە چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە، بەرەو مەرگمان دەبات، ئاخر ژیان کە بەردەوام لە گەشەکردندایە، دژی خۆ لە قاڵبدانە، ئاخر خۆ لە قاڵبدان، دۆگما بەرهەم دەهێنێت و توانای دوور بینین و پێشبینیکردنمان لێ زەوت دەکات. (نامە بەدەکان) جەخت لەسەر ئەوە دەکات، زمان کە فیکر بەرجەستە دەکات، بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە ئاسایییە فیکریش لەگەڵ گۆڕانی زمان و زەماندا گۆڕانی بەسەردا بێت.

جاک درێدا دەبێژێت: (کە نەتوانین دەرک بە بایەخی ناوەڕۆک بکەین، کە توانای داهێنانمان نەبێت، خۆ بە دەست شەپۆلی شێوەوە دەدەین.) ئەکرەم عەلی سوودی لە گەلێک لە تەکنیکە نوێیەکانی چیرۆکنووسین بینیوە، بەبێ ئەوەی زێدەڕۆییی لە بەکارهێنانیاندا کردبێت. دەزانێت کەی و چۆن سوود لەم یان لەو تەکنیک وەردەگرێت، دەزانێت چیرۆکنووس بەر لە هەموو شتێک، پێویستە شارەزای هونەری گێڕانەوە بێت، بۆیە لە پێناوی گێڕانەوەی هونەرییانەی ڕووداوەکاندا، هانا بۆ ئەم یان ئەو تەکنیک دەبات.

(ئینسان بۆ ناردنی نامەی خۆشەویستی بۆ خوا، پێویستی بە نامەبەر نییە.) لەسەر ئەو وشە جوانانە، ساڵی ٩٢٢ بە زیندوویی حەللاجیان سووتاند. هەر بە زەبری وشەی جوان، دەشێت قەڵەم جێ بە شمشێر لەق بکات، شەهرەزاد گرەو لە شەهریار بباتەوە، ئەوە نەبوو شەهرەزاد بە هۆی وشەوە، نەک هێزی بازوویەوە، مەرگی خۆی دوا خست. هەبوونی چیرۆک بە بوونی دیموکراتییەوە بەندە و چیرۆک دیموکراتی دەچەسپێنێت. مۆدیرنیزم پەڕینەوەیە لە تاکدەنگییەوە بۆ فرەدەنگی، چونکە شیعر دەنگی تاکێکە بۆیە چیرۆک شیعری ئەم سەردەمەیە. ئێستا شیعر هەواری دێرینی خۆی بەجێ هێشتووە و بە دوای هەواری دیکەدا دەگەڕێت، پشووی تێدا بدات.

جیاوازیی نێوان دیوی دەرەوە و ناوەوەی زمانی دەق، کە بە کۆمەکی بەکارهێنانی ڕەمزەوە بەدی دێت، دەوڵەمەندیی دەق پیشان دەدات، کارێک دەکات خوێندنەوەی جیاوازمان بۆی هەبێت و فەزایەکی شیعری بۆ دەقەکە دابین دەکات. ئەکرەم عەلی گەلێک جار بە زمانێک کە لە زمانی شێعرەوە نزیکە، ئەو ڕووداوانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە زادەی خەیاڵن، ئاخر چێرۆکێک پشت بە خەیاڵ نەبەستێت، لە ڕیپۆرتاژ نزیک دەبێتەوە. نووسەر لە باسی خۆرئاوابووند دەڵێت: (ئاسمان سووراوێکی کاڵی کردووە.)(٦) لە باسی خانووەکانی گوندەکانی هەوراماندا گۆران دەبێژێت:
یەک لەسەر یەکتر، بەرەو لوتکەی کێو
بۆ ئاسمان دەچن، وەک پێپیلکەی دێو
ئەکرەم عەلییش شاعیرانە وێنەی گوندێکی کوردستان دەکێشێت: (گوند سەری کردووەتە سەر سەرینی چیا و قاچەکانی ڕاکێشاوەتە ناو چەم.)(٧) یان دەڵێت: (شاتوویەکی ڕووتوقووت شانی دادابووە سەر سەرینی ڕەشی شەو.)(٨) کە نامە بەدەکان دەخاتە نێو زەرفەکەوە، (زەرف وەکوو دیواری دەرەوەی خانووی گڵ، ورگ دەدات.)(٩)

فیردۆسی و جامی هەردووکیان (یوسف و زولەیخا)یان نووسیوە، ئەمیان لە ساڵی ١٠١٠ و ئەویان لە ساڵی ١٤٨٣دا. فاتیمە مەرنیسی دەبێژێت: (دەقی پیرۆز کە ئەو چیرۆکە بەسەر دەکاتەوە، هەر بەوەوە ناوەستێت، ژن وەک ناپاک پیشان بدات، بەڵکوو هێندە سووک سەرنجی مێ دەدات، ناوی زولەیخا ناهێنێت و تەنیا جێناوی: ئەو، لەبری ناوەکەی بەکار دەهێنێت.)(١٠) کە هەنووکەیش یاسای دەقی پیرۆز سەروەرە، لە سۆنگەی ئەوەوەیە، پیاو لە قازانجی پیاو بەرهەمی هێناوە و هێشتا هەر سیستەمی پیاوسالارییش زاڵە. ئەکرەم عەلی دژی ئەو سووکایەتییە بوو کە بە ژن دەکرا و بە ڕەوتار، نەک تەنیا بە گوتار، ئینسانێک بوو، بڕوای بە یەکسانیی ژن و پیاو هەبوو. ئیبن حەمزە (٩٩٤ - ١٠٦٤) دەیگوت: (بۆ ئەوەی پیاو، لەڕێی چاوتەوە نەگاتە ڕۆحت، هەرگیز لە ئاستی پیاودا، چاو هەڵمەبڕە ئەی ژن!) ئەکرەم عەلی دژی ئەم بۆچوونە نائینسانییە بوو، هەوڵی بۆ ئەوەبوو، ژن ئینسانێکی ئازادی سەربڵند بێت، نەک کۆیلەیەکی چاوشۆڕ. ئەو بڕوای وابوو: (ئەو ژنەی سەرمایەی تەنیا لەشولاری بێت، ژنێکە هەژار، ئەو پیاوەی سەرمایە تاقە لایەنی گەشی بێت، پیاوێکە نابووت.)

ئەکرەم عەلی مێژوو دەکاتە سەرچاوە، وەلێ مێژوو ناگێڕێتەوە، دیالۆگی لەتەکدا دەکات. لە کورتەچیرۆکی: (زیانەکانی مچەی کەمال کولانە)دا(١١) کە ئاوڕ لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران دەداتەوە، دەیەوێت بەشتبوونی ئینسان و بەبتبوونی شمەک بەرجەستە بکات، خەباتی خەڵکی کوردیش لە پێناوی مافی ڕەوای خۆیدا، لای ئەکرەم عەلی دەبێتە هەوێنی چیرۆکی: (گومرگ)(١٢) کە یەکێکی دیکەیە لە دەقە جوانەکانی. گوستاف فلۆبیر دەڵێت: (بە هۆی پلارهاوێشتنەوە نەبووایە، نەمدەتوانی بە کێوی سەختی ژیاندا هەڵزنێم.) ئەکرەم عەلی بێجگە لە چیرۆک، (ستوون)ی تەنزئامێز و (ساتیر)یشی دەنووسی. زۆربەی خوێنەران کە (پەیام)یان پێ دەگەییشت، یەکەم جار ستوونەکەی ئەویان دەخوێندەوە و کە (چراخان)یان دەبینی، لە (بۆ بزەی سەر لێو)ی وییەوە، دەستیان بە خوێندنەوەی دەکرد.(١٣)

فۆکۆ دەیگوت: (کە سەرنجی تابلۆیەک دەدەین، پێویستە ئەوەمان لە یاد بێت، لەنێو تابلۆیەکەیشدا نیگارکێشێک هەیە لێمان ڕادەمێنێت.)(١٤) جیاکردنەوەی دەق لە نووسەر، وەک جیاکردنەوەی ڕەنگی سەوزە لە گەڵای زیندوو، ئاخر لە جەستەی هەموو بەرهەمێکی ئەدەبیدا، گیانی نووسەرێک هەیە. کە چیرۆکەکانی (بازنەی خۆر)یم دەخوێندەوە، کە سەرنجی تەنزەکانی (چراخان)یم دەدا و کە لە ستوونەکانی (پەیام)ی ورد دەبوومەوە، ئەکرەمی مام عەلیم دەبینی، بزەیەکی لەوەی مۆنالیزای لەسەر لێوە، نەمدەزانی بەدەم ژیانەوە پێدەکەنێت، یان پێکەنینی بە ژیان دێت.(١٥)

*

(١) هەمزە عەلی ساڵح، فوئاد محەممەد ئەمین و ئەکرەم عەلی محێدین، کۆمەڵێ چیرۆکی ئاوس، چاپخانەی ڕاپەڕین ١٩٧٧ سلێمانی.
(٢) هەمان سەرچاوە ل٤٤
(٣) ئەکرەم عەلی، بازنەی خۆر، کورتەچیرۆک ١٩٩٣ سوێد.
(٤) ئەکرەم عەلی، دەسەڵاتی گەسک، پەیام، ژمارە (١٦) تەممووزی ١٩٩٩ لەندەن.
(٥) ئەکرەم عەلی، بازنەی خۆر، ل٣٣
(٦) بازنەی خۆر، ل٤
(٧) بازنەی خۆر، ل٥
(٨) بازنەی خۆر، ل٢٩
(٩) بازنەی خۆر، ل٥٤
(10) Fatima Mernissi, Shahrazad reser västerut, översättnung av Lena Melin, Norsted förlag 2002 Stockholm.
(١١) بازنەی خۆر، ل٥٦
(١٢) بازنەی خۆر، ل٢٣
(١٣) پەیام و چراخان، دوو مانگنامە بوون، ئەمیان لە لەندەن و ئەویان لە لوند/ سوێد دەردەچوو.
(١٤) میشیل فوکو، الکلمات و الأشیا‌ء، مطاع صفدي، ص٣٠ مرکز الإنماء القومي ١٩٨٩ بیروت.
(١٥) محمد الماغوط، سأخون وطني، ص١٩ دار المدی ٢٠٠١ دمشق.