٥٠٠ ئافرەتی كورد لە ئامەد بازاڕێك بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكانیان دەكەنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

٥٠٠ ئافرەتی كورد لە ئامەد بازاڕێك بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكانیان دەكەنەوە

لە ناوچەی باغڵەری سەر بە ئامەد لە باکووری کوردستان كە ژمارەی دانیشتوانی سەنتەری ناوچەكە ٤٠٠ هەزار کەس دەبێت، بۆ یەكەمجار و لە هەنگاوێكی بێوێنەدا ٥٠٠ ئافرەتی كورد، بازاڕێكی كراوەیان کردووەتەوە و تەنیا بەرهەمی گێڵگەكانی خۆیانی تێدا دەفرۆشن، ئەمەش بووەتە باسوخواسی میدیاكان.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو بازاڕەی ئێستا ئەو ٥٠٠ ئافرەتە كردوویانەتەوە، هەموو بەرهەكانیان خۆماڵییە و هاووڵاتییەكی زۆر روویان تێ كردووە بۆ كڕینی بەرهەمەكان کە تێیدا میوە و سەوزە و شیر و پەنیر و خواردەمەنییەكانی تر خراوەتە ڕوو.

حوسێن بەیئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانیی ناوچەی (باغڵەر) دەستخۆشی لەو ئافرەتانە کردووە، هەروەها دەڵێت توانیمان شوێنێكی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە تا بتوانن داهاتی خۆیان هەبێت و هاووڵاتییانیش بتوانن سوود لە بەرهەمەكانی ئەوان ببینن.

بە گوتەی سەرۆكی شارەوانیی باغڵەر، ١٨٠ ئافرەت بەرهەمی خۆیانیان هەیە و لەناو كێڵگەكانی خۆیانەوە بەرهەمی دەهێنن، بەڵام لەگەڵ ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لەو بازاڕەدا كار دەكەن، دەگاتە٥٠٠ ئافرەت، واتە ٥٠٠ ئافرەت لەو بازاڕەدا وەكوو بەرهەمهێنن و فرۆشیار كار دەكەن.

ئەو ١٨٠ ئافرەتە كۆ بوونەوەتەوە و كۆمەڵەیەكیان بۆ خۆیان دامەزراندووە و لەڕووی بەرهەمی خۆماڵییەوە خزمەتێكی زۆری شارەكەیان كردووە و نرخەکەشی گونجاوە و لەگەڵ داهاتی هاووڵاتییاندا دەگونجێت و کەلوپەلی خۆشیان دەفرۆشن.

هەزاڵ تونج، یەكێكە لەو ئافرەتانەی بەرهەمی گێڵگەكەی خۆی دەهێنێت و لەو بازاڕەدا دەیفرۆشێت، دەڵێت زۆر زەحمەتیمان بینی، بەڵام سەرەنجام توانیمان توانای خۆمان نیشانی هەموو كەسێك بدەین.

ئەو دەڵێت: "سەرەتا ٢٥٨ ئافرەت بووین، بەڵام هەندێكیان نەیانتوانی لەگەڵمان بمێننەوە، بۆیە ١٨٠ ئافرەت ماینەوە. هەر ئافرەتێك كە بەرهەمی هەیە لەو بازاڕەدا دوو كرێكاری ئافرەتی هەیە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكان، كۆی گشتیی٥٠٠ ئافرەت لەو بازاڕەدا كار دەكات و پیاوی لێ نییە. لە هاویندا بەرهەمی خۆمان و گێڵگەی خۆمان دەهێنینە ئەم بازاڕە و دەیفرۆشین، بەڵام لە زستاندا لەگەڵ ئەدەنا و مێرسین كار دەكەین و بەرهەمی ئەوێ لێرە ساغ دەكەینەوە، كە ئەویش هەر خۆماڵییە. لەم بازاڕەدا زۆربەی كڕیارەكان ئافرەتن، كاتێك ئافرەتێك منداڵی ساوای پێ بێت و بگریت، ئێمە شوێنی تایبەتمان هەیە تا دایكەكە شیری بداتێ و پاشان بگەڕێتەوە بۆ ناو بازاڕ".

فاتمە دۆغان یەكێكی دیکەیە لەو ئافرەتانەی لەو بازاڕەدا كار دەكات، ئەو ئاماژە دەدات جێگەی شانازییە وەكوو ئافرەتێك لێرە كار دەكات، تا نیشانی بدەن ئافرەتیش بەتوانایە و دەتوانێت بژیوی خۆی دابین بكات.

زەینەب گونەیش، یەكێكە لەو ئافرەتانەی هاتووەتە ئەو بازاڕە و خواردن دەكڕێت، ئەو زۆر شانازی دەكات لە بازاڕێكدایە تەنیا ئافرەتی لێیە و بەرهەمەكانیش ئافرەت بۆ خۆی بەرهەمی هێناوە.

ئەو دەڵێت: "زۆر دڵمان خۆشە لێرە، كاتێكیش دەبینین ئافرەت بەو شێوەیە كار دەكات دڵخۆش دەبین. ئەوەی زۆر گرنگە، ئافرەتەكانی ئێرە زۆر بە جوانی مامەڵە لەگەڵ كڕیاردا دەكەن و زۆر پاك و خاوێنن".

رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەمە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی توركیادا بازاڕێكی تایبەت بە بەرهەمی ئافرەتان بكرێتەوە، یاخود تەنیا ئافرەت بەرهەمهێن بێت و بەرهەمەكەشی بفرۆشێتەوە.