كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شوعلە عەبدولرەحمان: راگەیاندن خۆشەویستی و متمانەی خەڵکی پێبەخشیوم

شوعلە عەبدولرەحمان خانمە راگەیاندنکار و شانۆکاری دانیشتووی شاری رانیەیە و ماوەی چەند ساڵێکە لە پاڵ کاری ھونەری کاری راگەیاندیش دەکات و باس لە ئەزموونی خۆی دەکات لەو بوارەدا.

شوعلە بۆ (باسنیوز) گوتی: "ماوەی چەند ساڵێکە دەستم بە کاری ڕاگایاندن کردووە، بەڵام ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای کاری ڕاگەیاندنم ھەبوو و لە زۆرێک لە چالاکی قوتابخانەکان و فێستیڤاڵ و کۆڕ و سیمینار وەک پێشکەشکار و بەڕێوەبردن کارم کردووە و یەکەم ئەزموونم لە تیڤی بوو و ئێستاش بەردەوامم لە کارکردن لە تیڤی، بەدەر لەم کارەش کاری ھونەری دەکەم و لە چەندین نمایش و فێستیڤاڵی شانۆییدا بەشداریم کردووە".

گوتیشی: "راگەیاندن خۆشەویستی خەڵک و ڕێزگرتن و لەهەمووی گرنگتر متمانە بەخۆبوونی پێ بەخشیووم و شتێک نییە کە بە هۆی کارەکەم لەدەستم دابێت".


ئەو خانمە راگەیاندکارە دەشڵێت: "کەسی ڕاگەیاندکار پێویستە باوەڕی بەخۆی بێت و بیسەلمێنێ هەموو کارێک باشی و خراپی هەیە دەبێ هەوڵی سەرکەوتن بدەی، ئەگەر راگەیاندکاریش نەبوومایە حەزم دەکرد توێژەری کۆمەڵایەتی یان پارێزەر بام چونکە راگەیاندن لای من تەنیا خولیایە نەبووە بە پیشەی فەرمیم، ھەروەھا چالاکوانم لە دەڤەری ڕاپەڕین و زۆر حەزم بە کاری خێرخوازی دێت".

ئەوەشی گوت: "ڕاگەیاندن بۆ ئافرەت و پیاویش قورسە، بەڵام بۆ ئافرەتان زیاتر، چونکە زۆر جار ڕێگریان بۆ دروست دەبێت لەلایەن خێزان و دەوروبەریان، من خێزانەکەم و بەشێک لە هاوڕێیان و هاوپیشەکانم ھاوکاریم دەکەن و تا ئێستاش ھاوکارییەکان بۆ من زۆرترن لە ئاستەنگییەکان و پێویستە خانمان خۆیان بوێر بن".