گۆنا ئیسماعیل: پێویستە خانمان پەرە بە بیرۆکە جیاوازەکانیان بدەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گۆنا ئیسماعیل: پێویستە خانمان پەرە بە بیرۆکە جیاوازەکانیان بدەن

گۆنا ئیسماعیل، خانمە دیزاینەرێکی شاری سلێمانییە و پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنی براندێکی تایبەت بە کارە دەستییەکانی خۆی داناوە.

گۆنا، بۆ (باسنیوز) گوتی: "خاوەنی براندی تایبەت بە خۆمم کە لە کۆتا ساڵی خوێندم لە زانکۆ داممەزراند و ئێستاش دیزاینی کەلوپەلی جوانکاری دەکەم و لە ڕێگەی پەیجەکەمەوە و بەشداریکردنم لە پێشانگاکان دەیانفرۆشم، ساڵانێکی زۆرە کاری دەستی دەکەم و خولیای تاقیکردنەوەی زۆرینەی کارە دەستیەکانم هەبوو لە کارە دەستییە بچوکەکانەوە تا کردنی تابلۆ و وێنە، بەڵام دیزاینکردن و دروستکردنی کەلوپەلی جوانکاریم هەڵبژارد وەکو بەردەوامیدانێک بە حەز و خولیای خۆم و دواتریش وەکو سەرچاوەیەکی دارایی، چونکە هەمیشە ویستومە ئەو خشڵانەى خۆم بەکاری دەهێنم جیاوازبێت و تایبەتبێت بەخۆم".

گوتیشی: "ئامانجم لە کارەکەم دروستکردنی خشڵی جیاوازبووە بۆ کەسانێک کە خواستیان لەسەر دیزاینی تایبەت بەخۆیانە و دەستپێکردنی هەر کارێکیش هێنانەدی خەونێکە".

گۆنا دەشڵێت: "خێزانەکەم و هاوڕێکانم هاندەری سەرەکیم بوون بۆ دامەزراندنی براندەکەم و دیزاینەکانم بیرۆکەی خۆمن و کریارەکانم خواستیان زۆر لەسەرە، زۆرێک لە کڕیارەکانیشم خاوەن بیرۆکەی جوانن و لەسەر خواست و بیرۆکەی خۆشيان دیزاینى خشڵەکانیان بۆ دەکەم، لە دروستکردنی یەکەمین دیزاینیشمدا سوودم لە تەسبیحی قەزوان بینیوە و زۆر حەزم لە بەکارهێنانی قەزوانە و ویستم خانمانیش بتوانن قەزوان بەکار بهێنن وەکو جوانکاری تەنیا لە شێوەی تەسبیح نا بەڵکو بە شێوەیەکی مۆدێرن و کوردەواریش و خانمانێکی زۆریش بەدڵیانبوو داوایان دەکرد و زۆرێک لە پیاوانیش داوای دەکەن و دەیکەن بەدیاری".

هەروەها گوتیشی: "زۆرێک لە دیزاینەکانم جیاوازییان لەوەدایە کە تایبەت دەبن بەو کەسەی داوای دەکات و دووبارە هەمان دیزاین دروست ناکەمەوە، لە دروستکردنی کەلوپەلەکانیش قەزوان، مرواری، بەردی ئەقیق، موروی شیلانە، کوژەکە و هەموو جۆرەکانی لیرە و مەدالیای زۆر جیاواز، هەروەها بەردی تایبەت و چەندانانی تر بەکاردەهێنم بە کوالێتی بەرز و زۆر گرنگی دەدەم بە بەکارهێنانی کەرەستە کوردەواریەکان لە دیزاینەکانم".

دەشڵێت: "هەرچەندە کاری دەستی ماندووبوونێکی زۆری دەوێ و کاتێکی زۆری پێویستە، بەڵام حەز و خولیا ماندوو بوونت لەبیر دەباتەوە، پەیامی منیش بۆ خانمان بۆ ئەوەیە کە هەمیشە بەردەوام بن لە کارەکانیان و هەرکاتێک بیرۆکەی جیاوازيان هەبوو پەرەی پێبدەن و هەرگیز لە داهێنان و بڵاوکردنەوەی کاری جوان نەوەستن".