كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شەڕی عێراق و ئێران، ئاتەشگەیەکی کوردستانی وێران كردووە

 

ئاتەشگە (ئاورگە - ئاگرگەی)ی چوارقاپی یەکێکە لە گەورەترین ئاتەشگەکانی زەردەشتیی سەرسنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم ئاورگەیە کەوتووەتە ناو شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان و مێژووی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. ئەم ئاتەشگەیە داڵانێکی بۆ تەوافکردن هەبووە، بەڵام بەدرێژایی رۆژگار، رووخاوە و بەشێک لە ئاسەوارەکەی ماوە.

ئاتەشگەکە چەندین ژووری 25 مەتر بە 25 مەتری لەخۆ گرتووە، کە بنمیچێکی 16مەتری بەشێوەی گومەز دایپۆشیوە. هەرکام لە ژوورەکان چوار دەروازەی رۆیشتنەناویان هەبووە. لە دەوروبەری ئەم ئاتەشگەیە چەندین شوێنەواری دیکە هەن، کە پێویستی بە كنە و توێژینەوەی زانستییانەی زیاتر هەیە. ئەو کەرەستانەی لە دروستکردنی ئەم بینایە بەکار براون، بریتین لە؛ بەرد، گەچ و خشت.

ئاتەشگەی چوارقاپیی قەسری شیرین یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی کوردستان بوو، کە لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران زیانی زۆری بەرکەوت و هێشتا نۆژەن نەکراوەتەوە.

قەسری شیرین نزیکترین شاری رۆژهەڵاتە بە شاری کەلار لە باشووری کوردستان و لە دێرزەمانەوە شوێنێک بووە بۆ پێکەوەژیانی کوردە شیعە و سوننەکان لەگەڵ یارسان و کریستیان و جووەکان. ناوی ئەم شارە بۆ دروستکردنی کۆشک، یان قەسری شیرین دەگەڕێتەوە، کە خەسرەوپەروێز لەم ناوچەیە دروستی کردووە و شارەکە لەدەوری کۆشکەکە بنیات نراوە.

رووباری ئەڵوەن لە ناوەڕاستی ئەم شارە تێدەپەڕێ و دەڕژێتە باشووری کوردستانەوە. ئەڵوەن دوو شاری قەسری شیرین لە رۆژهەڵات و خانەقین لە باشوور پێکەوە گرێ دەدا و جوانییەکی بێوێنەی بەو دوو شارە بەخشیوە.