ساکار ئەرسەلان: میدیاکاری سەرکەوتوو ئەوەیە کە هەگبەی پڕ زانیاریی بێ و ئاگاداری دۆخی هاووڵاتیان بێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ساکار ئەرسەلان: میدیاکاری سەرکەوتوو ئەوەیە کە هەگبەی پڕ زانیاریی بێ و ئاگاداری دۆخی هاووڵاتیان بێت

ساکار ئەرسەلان خانمە ڕاگەیانکارێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و لە دیدارێکیدا باس لە ئەزموونی کاری خۆی لە ڕاگەیاندندا دەکات.

ساکار بۆ (باسنیوز) گوتی: "سەرەتای کاری ڕاگەیاندم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008، ئەوکات کەمتر کچان لە ڕاگەیاندن کاریان دەکرد، ئێستاش هیچ کاری ترم نییە، تەنیا خۆم بۆ کاری ڕاگەیاندن تەرخان کردووە و ڕاگەیاندنیش حەز و خولیای منە و هیچی لێنەسندوومەتەوە بەڵکو کەسانی باش و بەئەزموونم ناسیووە و خەڵکانێکی باش ئاشنای کار و کێشە و گرفتەکانی ژیانیان بووم و ڕۆژانە بەرکەوتنم دەبێت لەگەڵیاندا".

گوتیشی: "ڕاگەیاندکاری سەرکەوتوو ئەوەیە کە هەوڵی زیاتر بدات بۆ تەواوی زانیارییەکان و ڕۆژانە خوێندنەوەی هەبێت بۆ سەرجەم بابەتە گشتییەکان و ئاگاداری دۆخی هاووڵاتیان و ڕووداوەکان بێت و هەگبەی پڕ زانیاری بێت، هەرچەندە ناتوانین لە هەموو ڕاگەیاندکارەکان ڕازی بین، چونکە هەندێ لە ڕاگەیاندکاران بۆ پڕکردنەوەی شاشەکان دانراون هەندێکیان هیچ ئەکادیمی نین کەسانی زۆر باشیش هەیە لە بوارەکەدا زۆر بە ئەکادیمی کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندنی زۆر بەباشی کردووە"

ساکار دەشڵێت: "تا ئێستا بیرم لەوە نەکردووتەوە ئەگەر ڕاگەیاندنکار نەبوومایە چیم دەکرد، بەڵام هەرکارێک لە ڕاگەیاندنزیک بێ حەزم پێیەتی، چونکە خۆم دەرچووی بەشی ڕاگەیاندم و دووبارە دەڵێم ڕاگەیاندن، هەندێ کاتیش بیرۆکە دەگۆردرێت، کارەکەشم بۆ من بووەتە پیشە".

گوتیشی: "لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نەک تەنیا کاری ڕاگەیاندن سەختە بۆ خانمان هەموو کارێک سەختە، بەڵام هەر کارێک کە کچان حەزی پێدەکەن پێویستە لە چوارچێوەی سوودگەیاندن بێت و بوێرانە هەوڵی بۆ بدەن و کارێک بێت کە لەوکۆمەڵگەی تیایدا دەژین تووشی گرفت نەبن و ڕێزی لەگەڵدابێت، منیش سەرەتای دەستبەکاربوونم دەوروبەر و خێزانەکەم زۆر ڕێگرییان دەکرد و تووشی ئاستەنگی و سەختی زۆر دەبوومەوە، بەڵام ئێستا خێزانەکەم و هاوپیشەکانم زۆر هاوکاریم دەکەن".