ڕۆژنامەیەکی ئێران: پێویستە عێراق بگۆڕدرێت بۆ دەوڵەتی مقاوەمەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕۆژنامەیەکی ئێران: پێویستە عێراق بگۆڕدرێت بۆ دەوڵەتی مقاوەمەت

داوا دەكات هێرش بکەنە سەر هێزەكانی ئەمریکا لە عێراق

ڕۆژنامەی (کەیهان)ی ئێرانی کە حوسێن شەریعەتمەداری ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بەڕێوەی دەبات، لە نووسینێکدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بە تەقینەوەکانی ئەم دواییەی بەغدا تۆمەتبار كردووە و داوای دروستكردنی دەوڵەتی مقاوەمەتی بۆ عێراق كردووە.

ڕۆژنامەكە بانگەشەی ئەوەی كردووە كە چیتر خەڵکی عێراق لە ئەمریكییەكان قەبووڵ ناكەن و دەنووسێ: ”دەبێ گرووپەکانی سەر بە (بەرەی مقاوەمەت) بێنە مەیدان و هێرش بکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراقە".

ئەو ڕۆژنامەیە لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا هێرشی كردووەتە سەر جۆ بایدن، سەرۆكی تازەی ئەمریكا و رای گەیاندووە كە هیچ جیاوازییەك لەنێوان بایدن و ترەمپدا نییە.

هاوكات لە ڕۆژنامەكەدا نووسراوە: ”ئەم ڕۆژانەی عێراق زۆر هاوشێوەی ڕووداوەکانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێرانن کە ئێمە ئەزموونمان کردووە و خەڵکی دژە ئەمریکی ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی (مەرگ و نەمان بۆ ئەمریکا)یان گوتەوە، کەچی دەوڵەتی کاتیی ئەوکاتی ئێران لە پشتەوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی دەکرد و پاشان دەوڵەتی کاتی بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا دەستی لە کار کێشایەوە".

لە درێژەی نووسینەکەی ڕۆژنامەی (کەیهان)ی ئێرانیدا هاتووە: "هەلومەرجی ئەمڕۆی عێراق هاوشێوەی بارودۆخی شۆڕشی ئێرانە، خەڵكی عێراق خۆپیشاندانی ملیۆنی ڕێک دەخەن، خوازیاری کۆتایی بە داگیرکاریی ئەمریکان لە عێراق، بەڵام حکوومەتی عێراق گوێی خۆی لێ خەواندووە و گوێ لە هەست و  داوای خەڵک ناگرێت".

لە کۆتایی بابەتەکەی (کەیهان)دا نووسراوە: "ئەگەر بێت و سیاسەتی ملکەچبوون لە بەرامبەر ئەمریکا لە عێراق درێژەی هەبێت، هیچ دوور نییە کە دەوڵەتی (بەرگری) لە عێراق فۆرمەلە بگرێت کە لەم دۆخەدا پێکهاتنی ئەو دەوڵەتە بۆ عێراق زۆر پێویستە".