رێبەریرەوتی سەدر ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لەنێوان شانشینی عەرەبستانی سعودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، ”نابێ عێراق دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ وەربدات“.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-1-2021، حەیدەر جابری، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر، رایگەیاندووە، سەدر پێیوایە گفتوگۆ و دانوستاندنی سعودیە و ئێران کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەوڵەتی عێراق و گەلەکەی، دەبێت.
حەیدەر جابری هەروەها رایگەیاندووە، موقتەدا سەدر ئامادەیە بە هاوکاریی دەوڵەتی قەتەر، نێوەندگیری لەنێوان سعودیە و ئێراندا بکات.
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەدر داوا لە وڵاتانی دراوسێی عێراق دەکات سەروەریی عێراق بپارێزن و دەست لە کاروباری ناوخۆی وەرنەدەن و ”ناشبێ عێراق دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ وەربدات“.