كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕژێمی ئێران نووسەرێکی ناسراوی كورد كە تەمەنی ٧٥ ساڵە دەستگیر دەكات

 

دوێنێ سێشەممە مستەفا ئیلخانی زادە، نووسەر، شاعیر، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ناوەندی کولتووری و فێرکاریی (ئەدەب) لە بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا.

بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، دوێنێ سێشەممە  ٢٦ی١ی٢٠٢١ هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی کار و ماڵی مستەفا ئیلخانی زادە، نووسەر و شاعیر و مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ناوەندی کولتووری و فێرکاریی (ئەدەب)ی لە بۆکان، دەستگیریان کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی مستەفا ئیلخانی زادە، ماڵەکەی و شوێنی کارەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و لاپتۆب و کەلوپەلە تایبەتەکانیشیدا گرتووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، مستەفا ئیلخانی زادە بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لەناو ئۆفیسەکەی خۆی لە ناوەندی (ئەدەب) دەستگیر کراوە.

ئەو نووسەرە کوردە لە پاش دەستگیرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.

- مستەفا ئیلخانی زادە، تەمەن ٧٥ ساڵ و نووسەری ناسراوێکی ناسراوی کوردە ساڵی ١٩٤٥ لە بۆکان لەدایک بووە.

- نووسەر زمانەوانە و چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەی زمانی کوردی و وەرگێڕان و نووسیندا چالاکە و چەندین کتێبی لە بواری زمانی کوردی و وێژەی منداڵان بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.