نووسەر و مێژوونووسێكی بەناوبانگی توركیا رایدەگەیەنێت، داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) تورکیا تووشی چەندین کێشە دەکات.
تەها ئاكیۆڵ، نووسەر و مێژوونووسی بەناوبانگی توركیا، لە وتارێکدا بۆ رۆژنامەی (قەرار)ی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، ئاستی جەماوەریی هەدەپە لە 2002دا %5 بووە و ئێستا گەیشتووەتە %10، ”تا ئێستا مێشكی خۆتان ماندوو كردووە بۆ ئەوەی بزانن جەماوەری پارتێكی كوردی بۆ وا بەرزبووەتەوە؟“.
تەها ئاكیۆڵ هەروەها رایگەیاندووە، بە داخستنی هەدەپە، حکوومەتی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوە ”دووچاری چەندین كێشە دەبن“.
ئەو نووسەرە پێیوایە باشترە دەسەڵاتدارانی تورکیا بیر لە پەرەپێدانی دیموکراسی لە تورکیا بکەنەوە نەوەک داخستنی هەدەپە، چونکە ”داخستنی پارتێک بە تۆمەتی پەیوەندیی بە تیرۆر، گەورەترین رێکلامە بۆ تیرۆر“.
ئاکیۆڵ باس لەوەش دەكات، ئەگەر هەدەپە دابخرێت ئەو پینج ملیۆن دەنگدەرەی دەنگی بە هەدەپە داوە، هەست بەوە دەكات لەژێر چەتری پەرلەمانی توركیادا شوێنی نابێتەوە.