پاش دەستپێکردنی شەپۆلێکی دەستگیرکردنی چالاکوانانی بەلووچ و بەتایبەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕیکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانیی خۆی لە و ڕەوتە لە سەرکوت و ڕەشبگیری دەربڕیوە.
ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بە سێدارەی ١٩ هاووڵاتیی بەلووچ لە پێنج هەفتەی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێران کردووە کە لە گرتووخانەکانی مەشهەد و زاهیدان لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی بە شەپۆلێکی فراوانی سەرکوت و دەستگیرکردنی لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە لە ١٨ ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی تاران، کەرەج، مەهاباد، ڕەبەت، نەغەدە، بۆکان، مەریوان، سنە، پاوە، سەقز سەوڵاوا دەستی پێ کردووە.
بەپێی ئامار و زانیاریی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٧٨ گەنج و چالاکوانی کورد دەستگیر کراون کە لەو ژمارەیە نۆ کەسیان ژنن و هەتا ئێستا شەش کەسیان ئازاد کراون و ئەوانی دیکە لە گرتنگە و زیندانەکانن و چارەنووسی هەندێکیان ناڕوونە.
بەپێی ئامارە و داتاکانی ڕێکخراوی (هەنگاو) ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٦٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لەسێدارە دراون و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١وە تا ئێستاش دوو هاووڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسیدارە دراون.
هاوکات ئێوارەی دوێنێ سێشەممە مستەفا ئیلخانی زادە نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ناوەندی فیرکاریی ئەدەب لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە.
دوای دەستپێکردنی ئەو شەپۆلە لە ڕەشبگیریی لاوانی کورد کۆمەڵێک چالاکوانی مافی مرۆڤ و نووسەر و کەسایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانیی خۆیان لەو دۆخە دەربڕیوە و داوایان لە ڕیکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کردووە لە بەرانبەر گیران و سەرکوتی گەنجانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەنگ هەڵببڕن و داوای ئازادکرانیان کردوون.