هێمن هەورامی: پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی سێ دەگاتە پەرلەمان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هێمن هەورامی: پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی سێ دەگاتە پەرلەمان

”حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەكی بۆ بەغدا نەهێشتۆتەوە“

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، بۆ مانگی سێ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رای گەیاند، سبەی پێنجشەممە ٢٨ی ١ی ٢٠٢١، لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەكان كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی هەماهەنگییەك لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەبێت لە نێوان لایەنەكاندا، بە تایبەتیش لەو بازنانەی هەڵبژاردن كە مەترسی لەسەر كورسیی كورد هەیە.

لەبارەی فیلمە ئێرانییەكەشەوە هەورامی رای گەیاند: ”بەم جۆرە فیلمانە مێژوو ناشیوێندرێت، خوازیارین ئێران بە فەرمی هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت، ئەمە زەرەری بۆ پەیوەندییەكانی هەریمی كوردستان و ئێران دەبێت“.

لەبارەی گفتوگۆكانی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لە بەغدا، هەورامی جەختی كردەوە: ”شاندی دانوستانكار هیچ بیانوویەكی بۆ بەغدا نەهێشتۆتەوە، ئێستا بەغدا لە ماددەی ١٠ی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا كیشەیان نییە، زیاتر كێشەیان لەگەڵ ماددە ١١ هەیە كە ئایا ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بكرێ یان داهاتەكەی، بەشێك لە شیعەكانیش لەمبارەیەوە دابەش بوون، بەشێكیان رازین بە پێشنیازەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێكیشیان ناڕازین“.

لەبارەی چوونی شاندی سیاسیش ئاماژەی بەوە كرد: ”لەبەر ئەوەی شیعەكان دابەشبوون بەسەر چەند بەرەیەك، با بزانین گفتوگۆكانی شاندی دانوستانكار دەگاتە كوێ، ئەگەر پێویستی كرد بۆ هەر پاڵپشتییەكی شاندی دانوستانكار، دەكری شاندی سیاسیش بچێتە بەغدا“.

جیگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەروەها رای گەیاند كە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی كوردستان دەگاتە پەرلەمان، ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕیككەوتن هەبێت ئەوە داهاتەكان لە پرۆژەیاساكەدا بە جۆرێك ڕێك دەخرێن، ئەگەریش رێككەوتن نەبێت ئەوا بە جۆرێكیتر دەبێت.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ”لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی كوردستاندا بۆ یەكەمجار دۆسیەی نەوت بە تەواوی لەنێو پڕۆژەیاسای بودجە جیگیر دەكرێت، ئەمەش بۆ بەهێزكردنی پایەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە“.