ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، عێراق بەهۆی قەرزێكی زۆرەوە لە گێژاوی قەیرانی داراییە و دەربازبوونی زۆر ئەستەمە.
بڵێسە جەبار، پەرلەمانتاری یەكیتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین قەرزی کەڵەکەبووی لەسەرە و لەگەڵ ئەوەشدا لە داواکردنی قەرزی زیاتر بەردەوامە.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە عێراق "لەم گێژاوی قەیرانی داراییەدا دەربازبوونی زۆر ئەستەمە، چونكە ھیچ روئیایەکی ستراتیژی و دووربینی نییە".
بە گوتەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، عێراق (١٦٩،٢) ملیار دولار قەرزارە و بۆ بودجەی ٢٠٢١یش داوای شەش ملیار دۆلاری دیكەی قەرزی دەرەكی دەكات تاوەكوو كورتهینانی بودجە پڕ بكاتەوە.
ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە بەشی ھەرە زۆری ئەم قەرزە تێچووی شەڕی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق و شەڕی کەنداوە کە بۆ ئێستا بەجێماوە و "ئێمەش چەندەھا ملیاری دیكە و بەتاڵکردنی تێکرای کانزا سرووشتییەكانی دەخەینە سەر و وێرانەیەک بۆ نەوەی دوای خۆمان جێدەھێڵین".