كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ورمێ.. تەرمی پێنج کۆڵبەری کورد دوای هەشت ڕۆژ لەناو بەفر دۆزرانەوە

دوای تێپەڕینی هەشت ڕۆژ لە گیانلەدەستدانی پێنج کۆڵبەری کوردی خەڵکی ورمێ لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کە بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەست دابوو، تەرمەکانیان دۆزرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ لە گیانلەدەستدانی پێنج کۆڵبەری خەڵکی گوندی "کوران" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، سەرەنجام تەرمەکانیان ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ٢٥ی١ی٢٠٢١ لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ زێدەکەیان.

ناسنامەی ئەو پێنج کۆڵبەرەی کە یەکێکیان تەمەنی ١٨ ساڵە ئەولایی خودایی کوڕی حاتەم، فرات خودایی کوڕی خورشید، مەتین ئەسڵانی کوڕی عوسمان، بیلەن ئەحمەدی کوڕی سادق و یاوەر ئەسڵانی کوڕی لوقمان ڕاگەیاندراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە لە یەک هەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی سیاسی و ئەمنیی ئێران هیچ جۆرە هاوکارییەکی ئەو بنەماڵانەیان نەکردووە و هێزە چەکدارەکانی تورکیاش هەڕەشەی تەقەکردنیان لەو خەڵکەی کردووە کە بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکان ڕوویان لە شوێنی ڕووداوەکە کردبوو".

ئەو پێنج کۆڵبەرە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی١ی٢٠٢١ لە گوندی "دریشک"ی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان کەوتنە ژێر هەرەس و ڕنووی بەفرەوە و گیانیان لەدەست دا.