سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکاری ئەڵمانیا گفتوگۆ لەبارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری ئەفغانستانی ئیسلامی، دەکەن.
نووسینگەی ئەنجێڵا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مێرکڵەوە کردووە.
جۆ بایدن و ئەنجێڵا مێرکڵ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، گفتوگۆیان لەبارەی ئێران، ئەفغانستان، بازرگانیی جیهانی و کەشوهەوای زەوی، کردووە، جگە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
هەروەک نووسینگەی راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاندووە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی، ناتوانرێ پەتای کۆرۆنا لەناوببرێت، ئەگەر هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لەبارەیەوە نەبێت.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە مێرکڵ بانگهێشتی بایدنی کردووە بۆ سەردانی ئەڵمانیا، ئەوکاتەی بارودۆخ بەهۆی کۆرۆناوە، رێگا بەو گەشتە دەدات.