داستان جەعفەر: سەرکەوتن لە هەر کارێک هەوڵدانی بەردەوامی پێویستە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

داستان جەعفەر: سەرکەوتن لە هەر کارێک هەوڵدانی بەردەوامی پێویستە

داستان جەعفەر خانمە دیزاینەرێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و پاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ دەستیکردووە بە کاری هونەری دەستی و دیزاین و دەڵێ هەمیشە خەونی من ئەوەبووە کارێکی تایبەت بە خۆمم هەبێت و ئێستا خەونەکەم هاتووەتەدی.


داستان، بۆ (باسنیوز) گوتی: "لە تەمەنی منداڵیمەوە ھەمیشە خەونی من ئەوە بووە کە کارێکی تایبەت بە خۆمم ھەبێت، ئێستاش سوپاسگوزارم پاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆکەم توانیم کاری تایبەت بەخۆم دەستپێبکە و ماوەی ساڵێکە کارێکی تایبەت بە خۆمم ھەیە و خێزانەکەشم زۆر ھاوکاریم دەکەن و هەمیشە لە پشت سەرکەوتنەکانمەوەن".

گوتیشی: "کارەکەم پێکهاتووە لە دروستکردنی کەلوپەلی جوانکاریی ناوماڵ کە هەموو کەلوپەلەکان بە دەستی خۆم دروست دەکەم،سەرجەم بەرهەمەکانیشم لەسەر داواکاری کڕیارەکانم دروست دەکەم و تا ئێستاش خەڵک زۆر لە کارەکانم ڕازین و دەستخۆشیم لێدەکەن، لە ڕێگای لاپەڕەی خۆمەوە کارەکانم نمایش دەکەم و بە بینەریان دەناسێنم".

داستان هەروەها باسی لە ئەوەش کرد: "ھەر یەکێک لە ئێمەی خانمان کە کارێک دەکەین کۆمەڵێک لە ڕێگری و ناخۆشی دێتە سەر ڕێگەمان و ڕێگریمان لێدەکات لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە خۆمان دەمانەوێت و خولیامانە، بەڵام پێویستە ئێمە خۆڕاگر بین، چونکە ھیچ سەرکەوتنێک بە ئاسانی نایەتە دەست و پێویستە لە هەوڵدان بەردەوام بین، چونکە خانمانیش هیچیان کەم نیە لە پیاوان و دەتوانن کار بکەن و بژێوی ژیانی خۆیان بەدەست بهێنن".

گوتیشی: "ئێستا ئەندامم لە گروپی دەستڕەنگینی خەیاڵی خانمان و لە پێشانگاکانی ئەواندا بەشداری دەکەم و بەرهەمەکانم نمایش دەکەم و کڕیارێکی باشیشمان هەیە".