بەرپرسێكی یەکێتی: پێویستە خەڵكی كوردستان بێڕێزیی وڵاتانی داگیركەر بە سەركردەكانی كورد قەبووڵ نەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێكی یەکێتی: پێویستە خەڵكی كوردستان بێڕێزیی وڵاتانی داگیركەر بە سەركردەكانی كورد قەبووڵ نەكەن

”کاک مەسعود بارزانی ڕۆڵێکی زۆر باشی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش گێڕاوە“

بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پێویستی دەزانێت، خەڵكی كوردستان بێڕێزیی وڵاتانی داگیركەری كوردستان بە سەركردەكانی كورد قەبووڵ نەكەن و جەخت لەوە دەكاتەوە كە بارزانی ڕۆڵێكی زۆر كار و گرنگی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش گێڕاوە.
جەمیل ھەورامی، بەرپرسی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەر وڵاتێكی داگیرکەر لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی فیلمەوە بێڕێزی بە سەرکردەکانی کورد بکات، ئیدانەی دەکەم و بە کارێکی نەشیاوی دەزانم و پێویستە خەڵکی کوردستان بێڕێزی ئەو وڵاتانە بەرامبەر بە سەرکردەکانی کورد قەبووڵ نەکەن.
ڕوونیشی كردەوە: ”ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە ھاوبەشیی هەرچی تیرۆریستی دونیایە، کۆبوونەوە بۆ ئەوەی لە گەلی کورد بدەن، بەڵام خۆشباختانە ھێزی پێشمەرگە توانی جەنگێکی قارەمانانە لە دژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بباتەوە، خودی خۆشم بەشداریی ئەو شەڕانەم کردووە و ھاوڕێکانم شەھید بوون، ئەوەشی ھێزی ھەبووبێ و بەشداریی شەڕی تیرۆریستانی داعشی نەکردبێت، خائینە، ئەوەشی بەشداریی ئەو شەڕەی کردبێت، بەرامبەر بە گەلەکەی ئەرکێکی نیشتمانیی ئەنجام داوە“.
بە بڕوای جەمیل هەورامی، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، توانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەناو ببات و گوتی: ”بێگومان کاک مەسعود بارزانی، ڕۆڵی زۆر باشی لە شەڕی داعش بینیوە و ئەوکاتەی داعش شەڕی ھێزی پێشمەرگەی دەکرد، کاک مەسعود بارزانی فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و ھەموو فەرمانەکان ئەو دەری کردووە، بێگومان ھەمیشە کاک مەسعود ڕێزێکی زۆری ھەبووە لامان و ئێستاش ڕێزێکی زۆری لێ دەگرین“.