كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕەشنووسی یاساى گەشتیاریى هەرێمی کوردستان دادەڕێژرێت

بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر چەند تەوەرێک لەبارەى کەرتى گەشتیاریى هەرێمی کوردستان و داڕشتنی یاسای گەشتیاری، لیژنه‌ى شاره‌وانى و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار لە پەرلەمانى کوردستان و دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 25ی1ی2021 دواى کۆبوونەوەکە لوقمان وەردى سەرۆکى لیژنەى شاره‌وانى و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار لە پەرلەمانى کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتى: "بەمەبەستى دەرکرنى یاساى گەشتیاری و چۆنیەتیى گەشەپێدان بە کەرتى گەشتیاری و بەدواداچوون بۆ کەرتى گەشتیارى، بەتایبەتى بۆ ئەوەى ببێتە مایەى داهات بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان، ئەمڕۆ کۆ بووینەوە و چەند پرسێکمان تاوتوێ کرد".

باسی لەوەش کرد: "لە مانگى ئایندەدا کۆنفرانسی گەشتیاریى هەرێمی کوردستان ساز دەکرێت و کەموکورتییەکانى ڕەشنووسی یاساى گەشتیارى چارەسەر دەکەین".

لەمبارەوە ئەمەل جەلال، سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمی کوردستان گوتى: "ئێستا هەماهەنگى تەواو لە نێوان دامودەزگاکانى حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى و کەموکوڕییەکانى کەرتى گەشتیارى".

باسی لەوەش کرد: "کار بۆ ئەوە دەکرێت لەڕووى یاساییشەوە دەستەى گەشتوگوزار بکرێتە دامەزراوەیەکى کارا و بتوانێ هاوکار بێت بۆ داهاتى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پاراستنى شوێنەوارەکان بەمەبەستى دابینکردنى بازاڕی گەشتیارى و راکێشانى گەشتیاران بۆ هەرێمى کوردستان کە هەموو پێوەرەکانى گەشتیارىیان تێدایە".

ئەمەل جەلال لە وەڵامى پرسیارى پەیامنێری (باسنیوز)دا گوتى: "دەمانەوێ بەپێی یاساى گەشتیاریى هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی هەبێت جا ئەو دەستەیە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران بێت، یان سەر بە وەزارەتى شارەوانى بمێنێتەوە، بەڵام بتوانین زیاتر دەسەڵاتمان هەبێت بۆ بڕیاردان و چۆنیەتى ڕاییکردنى کارەکانمان".