سەرۆکی نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕای گەیاند ئەمڕۆ دووشەممە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ دەبێتەوە و کۆبوونەوەکانیشیان بەردەوام دەبن.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی١ی٢٠٢١ لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ دەبنەوە و دواتریش لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆ دەبنەوە".
فارس عیسا گوتیشی: "شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان، تەنھا لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆ نابنەوە، چونکە ھەردوو حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن ئەوەی ماوە لە پەرلەمانی عێراقە".
لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق گوتیشی: "چاوەڕێ ئەم کۆبوونەوانەی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان دەبین و ئەمەش دوایەمین گفتوگۆیە لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان و دوای ئەمەش ئەگەر ھەیە لەم دوو ھەفتەیەدا پرۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرێت".