بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای دوکان ڕای گەیاند زۆربەی شوێنەوارەکانی سنووری قەزای دوکان مەترسی ڕووخان و لەناوچوونیان لەسەرە، بۆ ئەو مەبەستە داوای دابینکردنی بڕە بودجەیەک کراوە.
ڕێژین ڕەئووف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە سنووری قەزای دوکان ژمارەیەکی زۆر شوێنەواری دێرین ھەن کە دەکرێت وەک شوێنەواری گەشتیاری سوودیان لێ وەربگیردرێت".
ڕیژین ڕەئووف گوتیشی: "بەڵام بەھۆی بایەخپێنەدان و ئاوڕلێنەدانەوە لێیان و کاریگەری کەشوھەوا لەسەریان، زۆربەی ئەو شوێنەوارانە ڕووبەڕوو داڕووخان و لەناوچوون بوونەتەوە".
بەڕێوەبەری گەشتوگواری دوکان باسی لەوەش کرد: "بۆ ئەو مەبەستە قسەیان لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار کردووە و ئەوانیش پێیان ڕاگەیاندوون کە ھاوشێوەوی داواکاری بۆ جێبەجێکردن و نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری بە شیوەی وەبەرھێنان بۆ قەزای دوکان، داواکاریی دابینکردنی بودجەشیان داوەتە وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ھەندێک لە شوێنەوارەکانی قەزای دوکانی پێ نۆژەن بکرێنەوە".