سیئۆل سەرسام و دەستەوەستان ماوە سەبارەت بەو پردانەی خەڵک خۆی لێیان فڕێ دەدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سیئۆل سەرسام و دەستەوەستان ماوە سەبارەت بەو پردانەی خەڵک خۆی لێیان فڕێ دەدا

حکوومەتی سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، مانگی ئاداری داهاتوو، لەوە دەکۆڵێتەوە، کە هەموو ئەو نووسین و دروشمانە لەسەر هەردوو لای پردی (هانگانگ) بسڕێتەوە، کە بۆ ئەو خەڵکە نائومێدانە نووسراون، کە دەیانەوێ خۆیان فڕێ بدەنە خوارێ و کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.


ئەم بڕیارە بەهۆی ئەو بۆچوون و پرسیارانەوە هات، سەبارەت بە کارایی ئەو دەق و دروشمانە لە دامرکاندنەوە و راگرتنی دیاردەی خۆکوشتن لەو شوێنە، کە بووەتە مایەی خەم و پەژارە لەو شارە، کە لە دوو دەیەی دواییدا گەنجانی نائومێدی تەمەن 20 بۆ 30 ساڵی گرتوویانەتە بەر.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی سیئۆل دەمێکە بیر لە سڕینەوەی هەموو ئەو دروشم و نووسینانە دەکاتەوە، دوای ئەوەی ناچار بوو نووسینەکانی وۆن- سۆن، پارێزگاری پێشووی سیئۆل بسڕێتەوە، بۆ ئەوەی گەنجانی نائومێد دەست بە ژیانەوە بگرن، کەچی دواتر لە مانگی ئایاری رابردوو ئەو پارێزگارە خۆیشی خۆی لەناو برد، دوای ئەوەی دەنگۆی گێچەڵی سێکسییان دایەپاڵ.

دوای بڵاوبوونەوەی دیاردەی خۆکوژی لەسەر پردی رووباری (هان) لە سیئۆل، بەرپرسانی خۆجێیی لە ساڵی 2012 هەڵمەتێکی هۆشیاری و نەهێشتنی ئەو دیاردەیان دەست پێکرد، وەک نووسینی ئەو رستە و دروشم و دەستەواژانە لەسەر هەردوو لای پردەکە، کە هەستی ئەرێنی ئەوروژێنن، بۆ ئەوەی ئومێدێک بەو نائومێدانە بدەنەوە و دەرفەتێکیان بدەنێ چەند جارێک بیر بکەنەوە، بەڵکو پەشیمان ببنەوە. بەرپرسانی شارەکە بە بەشداریی خەڵک، ئەو دەستەواژە و نووسینانەیان لە شوێنە رووناکەکان نووسی، بۆ ئەوەی هەموو ئەو خەڵکەی بەسەر پردەکەدا تێدەپەڕن بیبینن و بیخوێننەوە.

بەر لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی ئیدارەی شاری سیئۆل بۆ بڕیاردان لەسەر سڕینەوەی تێکڕای ئەو نووسینانە یان هێشتنەوەیان، دەسەڵاتدارانی شارەکە هەموو ئەو دروشم و دەستەواژانەیان سڕییەوە، کە لەسەر پردی (مابو) نووسرابوون، دەشیەوێ پەرژینێکی بەرز لەسەر هەردوو لای پردی (هانگانگ) دروست بکا، بۆ ئەوەی ببێتە رێگر لەسەر رێی ئەوانەی نائومێد بوونە و هەوڵی خۆکوژی دەدەن.