بارزانی بە فیلم دروست نەبووە تا بە فیلم بسڕدرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 24/01/2021

بارزانی بە فیلم دروست نەبووە تا بە فیلم بسڕدرێتەوە

دوو رۆژە دەزگای سەدا و سیمای ئێران، فیلمێكی سەقەت و پڕ درۆ و دەلەسەی پێوەند بە رزگاركردنی مەخموور لە شەڕی دژ بە داعش بڵاو كردووەتەوە، تۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارە گەڕێ كە: بۆچی لەم كاتەدا لەو وڵاتە (بەحساب دراوسێیەوە) بەو شێوە ناشرینە، پەلاماری سەرۆك و رابەر و پێشمەرگەیەكی وەك سەرۆك بارزانی دەدرێ! وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسانە و چەندین شرۆڤە هەڵدەگرێ و زۆربەشیان راستن، بەڵام كورتترین وەڵام ئەوەیە كە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و تەنانەت كوردستانی گەورەش، سەرۆك بارزانی تاكە سەركردەیە كە كوردستانیان هێز و ورەی ئازادی و سەربەخۆیی و بوونی نەتەوەیی لێ وەردەگرن، تاكە سەركردەیە كە هەمیشە پێمان دەڵێت: ”خۆ نەچەمێنن“.

لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە ملیۆنان كورد و كوردستانی هەن، كە پارتی نین و هەوادار و دەنگدەری پارتییش نین و نابن، بەڵام متمانەیان بە سەرۆك بارزانی بەرزە و هێز و وزەی نەتەوەیی و سەربەخۆخوازیی لێ وەردەگرن، بێ شك نەیارانی كوردستانیش لە هەوڵی بێهێزكردن و بێورەكردن و مل پێچەماندنی ئەم نەتەوەیەدان، بۆیە پەلاماری كەسایەتیی كاریزمایی بارزانی دەدەن.

لێ هەق وایە دوژمنان و داگیركەران و نەیارانی ناوخۆییش ئەو راستییەیان لەبەرچاو بێ، كە بارزانی لەڕێی فیلمەوە نەبووەتە سەرۆك و رابەر و مەرجەع، تا بە فیلم ئەم پێگانەی لێ بستێننەوە، سەرۆك بارزانی بە فیلم و هاشوهووش و درۆ و دەلەسەی میدیایی نەبووەتە ئەو كاریزمایە تا بە فیلم و ئەنیشمەیشن كاریزمای لەدەست بدات، من نازانم ئەوەی ئەو فیلمەی بەرهەم هێناوە بە چ خەیاڵێكەوە ئەو خەونە دەبینێت! ئاخر سەرۆك بارزانی لەو ناوانە نیە كە بارودۆخ و رۆژگار دروستی كردبێت، ئەو خۆی میژووی دروست كردووە و بەشێكی گرنگە لە سەروەرییەكانی دیرۆكی ئەم نەتەوەیە.

ئێستا واز لە ئامانج و خواست و مەبەست و مەرامی ئێران دەهێنم و دێمە سەر ئامانجی گڵاوی ئەو میدیا كوردیە نانیشتمانیانەی كە كاتێ ئەو فیلمەیان پێگەیشت، دەتگوت هەنگوینیان لە دارا دۆزیوەتەوە و هەموویان بە سپۆنسەركردنەوە لە سۆشیال میدیای خۆیاندا فیلمە سەقەتەكەی ئێرانیان بڵاو كردەوە.

ئێستا ئاسانترین رێگە بۆ جیاكردنەوەی میدیای نیشتمانی و میدیای نانیشتمانی و كۆیلە و ئەڵقەلەگوێ و خۆفرۆشی داگیركەر لە كوردستانی باشوور ئەوەیە، كاتێ بایەك لە بەغدا و تاران و ئەنكەرە و دیمەشقەوە هەڵدەكات، بەوردی چاودێریی ئەو میدیایانە بكەیت بزانیت لای ئەوان چ باسە! ئەم كارە بۆ هەڵسەنگاندنی میدیای زۆنی سەوز ئاسانترە، واز لە دوو پایتەختەكەی تر بێنە، تەنیا چاوت لە دەهۆڵەكەی تاران و بەغدا بێت كە ئێستا هەر یەك دهۆڵژەن دەیانكوتێت، ئیدی دەزانی لەو زۆنە كێ باش پێی هەڵدەپەڕێت.

پێناسەی میدیای نیشتمانی ئەوە نیە سەر بە حكوومەت و حزبەكانی دەسەڵات بێت، بەڵكوو میدیای نیشتمانی ئەوەیە كە دەبێ لە بەرەی داگیركەران و نەیاران و دوژمناندا نەبێت و بەردەوام لە بەرەی خەڵكی وڵاتەكەی و ماف و زمان و كولتوور و بەها و سیمبول و بەرژەوەندییە باڵاكان و وێستگە گرنگەكانی مێژووی نەتەوە و گەلەكەیدا بێت، ماندێلا دەڵێ: ”بۆ وەدەستهێنانی ئازادی، پێویست ناكات زەوی و ئاسمان بكڕن، تەنیا خۆتان مەفرۆشن“.

بۆ نموونە تۆ ئەگەر لە كوردستانی باشوور كاری میدیا و رۆژنامەوانی دەكەیت، زۆر ئاساییە هەمیشە رووی رەخنەت لە حكوومەت و دەسەڵات و حزبەكانی دەسەڵات بێت، بەڵام زۆر نەنگی و شوورەیی و سەرشۆڕی و كۆیلەییە كە لەسەر داوای نەیاران و داگیركەران و دوژمنانی نەتەوە و وڵاتەكەت ئەم كارە بكەیت، ئەوپەڕی خۆفرۆشیە كە هاوشان لەگەڵ میدیای داگیركەراندا، خەریكی سووككردن و سڕینەوەی مێژوو و كولتوور و زمان و بەها باڵاكان و شۆڕش و سیمبولە باڵاكانی نەتەوەكەی خۆت بیت.

ساڵانێكە رۆشنبیران و چاودێرانێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان، لە میدیای فەرمی و سۆشیال میدیا و تەنانەت لەنێو كتێب و توێژینەوەكانیشدا، بە ئاشكرا هاوار دەكەن كە بەشێك لەو میدیایانەی لە زۆنی سەوزەوە هەڵدەسووڕێنرێن و خۆیان ناو ناوە (ئەهلی و سەربەخۆ و بێلایەن!)، لەلایەن دەزگاگەلی ئەمنیی وڵاتانی ئیقلیمیەوە ئیعاز و فەرمانیان پێدەدرێ و سپۆنسەر و تەمویل دەكرێن، كەچی خەڵكێك هەیە تا ئێستاش بڕوا ناكات و پێی وایە ئەو رۆشنبیر و چاودێرانە، بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، ئەو بانگەشەیە دەكەن.

بەڵام ئێوە سەیری ئەم رووداوانە بكەن و لێكی بدەنەوە و حوكمی خۆتان بدەن، چونكە من تەنیا وەك خۆی دەیانگێڕمەوە:

- ئەو دەمەی سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، نووسینگەی سەرۆك بانگهێشتانەمەیەكی بۆ ژمارەیەك لە سەرنووسەران و بەڕێوەبەر و بەرپرسی یەكەمی ئەو دەزگایانە كرد كە ناویان لە خۆیان نابوو (سەربەخۆ و ئەهلی و بێلایەن!) ئامانجیش ئەوە بوو كە سەرۆك رووبەڕوو گفتوگۆیان لەگەڵ بكات و ئەوانیش هەرچی گلەیی و رەخنەیەكیان هەیە، رووبەڕوو بە سەرۆكی بگەیەنن، سەیرترین هەڵوێست كە بینیم ئەوە بوو، بەرپرسە یەكەمەكانی سێ دەزگای بەناو (سەربەخۆ و ئەهلی و بێلایەن!) لە سلێمانی، بەیاننامەیەكیان دەركرد و گوتیان ئێمە بایكۆتی ئەو دانیشتنە دەكەین و نەچوون!

جا ئێوە لەوە گەڕێن كە خودی ئەو هەڵوێستە زۆر زۆر دوورە لە ئیتیك و خواستی پیشەییانەی رۆژنامەوان و میدیاكارەوە، ئاخر میدیاكاری پرۆفیشناڵ و عاقڵ ئەوەیە كە ئەگەر چەندە نەیاری سەرۆكی وڵاتەكەشی بێت، نابێ ئەو هەلە لەدەست بدات كە رووبەڕوو سەرۆك ببینێت و چی لە زەین و لە دڵیدایە روون و راشكاو لێی بپرسێت، لەوەش سەیرتر ئەوە بوو، چەند رۆژێك دوای بایكۆتكردنی دانیشتن لەگەڵ سەرۆكی كوردستان، كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی ئەو سێ رۆژنامەوانە بەرپرسەی بانگهێشت كرد و ئەوانیش لۆش لۆش چوونە خزمەتی و ئەویش بەدڵی خۆی دەرسی دادان!

- جارێكی تر، كونسوڵی ئێران لە سلێمانی لەبارەی رەگوریشەی زمانی كوردییەوە لێدوانێكی زۆر خراپی بڵاو كردەوە و نووسیبووی: ”كوردی هەر زمان نیە“ شتی خراپتریشی فەرمووبوو! من نامەوێ لێرە بینووسم، كەچی یەك میدیاكاری زۆنی سەوز لەوانەی لە دوێنێوە رێكلام بۆ فیلمە سەقەتەكەی ئێران دەكەن، فززە و نقەیان لێوە نەهات، كەسیان جورئەتیان نەبوو تەنانەت بە تویتێك بەرگری لە زمانی خۆیان بكەن، هێشتاش ئەوان بە خەڵكی تر دەڵێن ”كۆیلە“! ئەی هاوار خەڵك كەی لەم جاشنامەنووسانە تێدەگات!

- جارێكی دی دوو بەرپرسی دوو دەزگای میدیایی كوردی! لەوانەی دوێنێ فیلمە سەقەتەكەی ئێرانیان بڵاو كردەوە و سپۆنسەریان كرد، لە شارێكی ئێران لە چوونەژوورەوەیان بۆ نێو بارەگایەكی دەزگای ئیتیلاعات بینران، ئەو كەسەی بینیبوونی هات و لە میدیاكاندا بڵاوی كردەوە و لێیان بووە هەرا، كەچی ئەو دوو (رۆژنامەنووسە پرۆفیشناڵە!) كە زانیان هیچ مەجالی درۆ و دەلەسە نیە، گوتیان گوایە یەكی كتێبێكیان لەبارەی دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو پێ بووە و لەپای ئەوە پەلكێشی دەزگای ئیتیلاعات كراون! تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت!

- جارێكی تر هەواڵێكمان بڵاو كردەوە بە وێنە و بەڵگەی تەواوەوە كە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنیی حزبێكی ئیسلامی، بە سپۆنسەریی ئێران كەناڵەكەیان كردووە بە فوول ئێچ دی و پاشان هەموو كارمەندانیان هەر لەسەر حسابی ئێران، چوونەتە تاران و خوولی كاری تەلەڤزیۆنییان بۆ رێك خراوە، ئەودەم بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنەكە كە ئیسلامییش بوو، هەزار سوێندی خوارد كە وا نیە، كەچی ئەو تەلەڤزیۆنە، یەكەمین شوێن بوو، فیلمە سەقەتەكەی ئێرانی بڵاو كردەوە و سپۆنسەرییشی كرد! شتی تر لەم بارەیەوە زۆرە، بەڵام دەكرێ لەم چوار رووداوەوە خۆتان حوكم بدەن كە ئاخۆ ئەم فس فس پاڵاوانانەی میدیا ئیشیان چییە!