هیوا سەید سەلیم: بڵاوكردنەوەی فیلمە ئێرانییەكە بەدەرە لە عورف و بنەماكانی دیپلۆماسی كە بە یاسا ڕێكخراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هیوا سەید سەلیم: بڵاوكردنەوەی فیلمە ئێرانییەكە بەدەرە لە عورف و بنەماكانی دیپلۆماسی كە بە یاسا ڕێكخراوە

”دەبێت ئێمەش بەیەک چاو لە هەڵوێستی داگیرکەران بڕوانین، نەک بەسەر ئەجێندای ئەواندا دابەش ببین“

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، رای دەگەیەنێت كە ئەو فیلمەی ئێران بڵاوی كردۆتەوەو بەدەرە لە عورف و بنەماكانی دیپلۆماسی كە بە یاسا ڕێكخراوە و بە سووكایەتیكردن لە قەڵەمی دەدات.

هیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشان، نووسینێكی بە ناونیشانی (نابێت هیچ سوکایەتییەکی داگیرکەران دڵخۆشمان بکات) بڵاو كردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی بەناو قارەمانیەتییەکەی قاسم سلێمانی، بابەتی قسە و باسی ناو سۆشیال میدیایە،  من ڕاموایە ئەوەیان سوکایەتییە و بەدەریشە لە عورف و بنەماکانی دیپلۆماسی کە بە یاسا ڕێكخراوە“.

هاوكات بە باشی زانیوە هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ئەم ڤیدیۆیە ڕێوشوێنی دیپلۆماسی بگرێتە بەر و وەڵامی ئەم بابەتە بداتەوە.

بە بڕوای هیوای سەید سەلیم، ئێرانییەكان دەیانەوێت لە رێگای ئەو ڤیدیۆیەوە دوو ئامانج بپێکن، یەکەمیان لە ساڵیادی كوشتنیدا ”قاسم سلێمانی وەک فریادڕەس نیشان بدەن، وەک ئەوەی کورد قاسم سلێمانی كوشتبێت“. دووەمیش پەیامێک بدەن لە نزیکبوونەوەی هەرێمی كوردستان لە ئەمریکا.

جەختیشی كردۆتەوەو داگیرکەرانی کوردستان هەرگیز ئەجێندایان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کوردستان یەکانگیر نابێتەوە، بۆیە ”جارجار ئەو پەیامانە بۆ کورد دەنێرن، دەبێت ئێمەش وەک خۆی و بەیەک چاو لە هەڵوێستی داگیرکەران بڕوانین،  نەک بەسەر ئەجێندای ئەواندا دابەش ببین“.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە دەسەڵاتدارانی كوردستان هەرچەندە ڕەخنە و تێبینییان لەسەر هەبێت، بەڵام ”بە مانای ئەوە نایەت دژی سووکایەتیی داگیرکەران بێ دەنگ بین و ئیدانەی ئەو جۆرە کارانە نەکەین“.

هەروەها رای گەیاندووە: ”لە شەڕی تیرۆرستانی داعش، ئەو تیرۆرستانەی کە بە دەسیسەی داگیرکەران بەردرابوونە گیانی میللەتەکەمان، پێشمەرگە و شەڕڤانان بوون خەونی داعشیان لەبار برد، ئەگەر لێرە و لەوێش پشتیوانی ئەو هێزانە کرابن، هەق نییە پێمان بفرۆشنەوە“.

لە كۆتاییشدا هیوا سەید سەلیم نووسیویەتی: ”چەند ڤیدیۆکە و سووکایەتی بە جلی کوردی لە لایەن ئاخوندەکان لای من نیگەرانی درووست دەکات،  بە بارتەقای ئەوەش شەڕفرۆشتنەکانی تورکیا لە بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل جێگای نیگەرانییە. کاتی ئەوە هاتووە هەمووان بەیەکەوە بەڕووی ئەجێنداكانی داگیرکەران بوەستینەوە، هەمیشە ئەو وتەیە لە گوێماندا بزرنگێتەوە کە دەڵێت: (دوژمنی باب و كاڵ نابته‌ دۆستی لاوان)“.