ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە میلیشیاکان توندتر دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە میلیشیاکان توندتر دەبێت

شارەزایەک لە سیاسەتی ئەمریکا: " بایدن ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئۆباما"

 شارەزایەک لە سیاسەتی ئەمریکا، ڕای دەگەیەنێت، چاوەڕوانکراوە ئیدارەی بایدن له‌ هه‌مبه‌ر میلیشیاکانی عێراق، سووریا و لوبنان و ناوچەکە بە گشتی توندتر بێت، مەرجی سەرەکی ئەو ئیدارەیەی ئەمریکا بۆ ئێران کشانەوەیەتی لە ناو خاکی ئەو وڵاتانە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە بەهیچ شێوەیەک بایدن ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئۆباما.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24/1/2021، د.سامان شاڵی، شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، چاوەڕوانکراوە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆبایدن لە بەرامبەر  بە میلیشیاکانی عێراق، سووریا و لوبنان و ناوچەکە بە گشتی توندتر بێت، "بەهیچ شێوەیەک بایدن ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئۆباما".

ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، كه‌ هەر جۆرە ڕێکەكوتنێک بکرێ، ئه‌مریكا مەرجی سەرەکیی ئەوە دەبێت ئێران بەتەواوی دەستبەرداری عێراق و سووریا و ناوچەکە بە گشتی بێ، بەڵام ئێران لەوە ناچێت ده‌ست له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵبگرێ، ئەوەش بارودۆخێکی توندتر بۆ ئێران لە ناوچەکە ده‌هێنێتە پێشەوە.

د.سامان شاڵی، ئەوەشی خستە ڕوو، بایدن سیاسەتی تایبەت بەخۆی هەیە و جیاواز دەبێت لە ترامپ و ئۆباما، "سیاسەتی بایدن مەرجدار و كاتدیاریكه‌ر دەبێت و کات دواناخات، "ئەگەر ئێران بە سیاسەتی خۆیدا نەچێتەوە ئەوە لەبەرامبەر بە بایدن دووچاری دۆخێکی خراپ دەبێتەوە بەتایبەتی لەم قۆناغە کە لە ناوخۆیدا زۆر خراپە و دەنگی ناڕەزایی زۆر هەیە و خەڵکەکەی تا دێت برسیتر دەبێت".

سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ ”ئەو هێرشانەی دوای دەستبەکاربوونی بایدن کرایە سەر ناوچەی سەوز و ئەوەی کە لە بەرامبەر بە ئەمریکا دەکرێت لە عێراقدا، تەنانەت ئەو تەقینەوانەشی روویان دا، بۆ ئەوەیە بزانرێت هەڵوێستی نوێی ئەمریکا لەبەرامبەر بەو دۆخە چییە، تا بەپێی تێگەیشتن لە سیاسەتەکەی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا بکرێ، بەڵام هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریکا روونە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگا به‌ هیچ وڵاتێك نادا بارودۆخی وڵاتانی ناوچەکە بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە و سەروەری وڵاتان لە ناوچەکە نەمێنێ، لە راستیشدا دۆخی عێراق هێندە نا سەقامگیر و خراپە چاوەڕوانی ڕوودانی هەموو شتێک دەکرێ، کە بەداخەوە حکوومەتی ئێستای عێراق نەیتوانی ئەمنیەتی عێراق بپارێزێ، تەنانەت یەک قەناسبەدەست و بکوژی خۆپیشاندانەکانیش ده‌ستگیر نەكراوه و دادگایی نەکراوه‌، کە بە دەیان کەس لە خۆپیشاندانەکان کوژران و بە هەزاران برینداربوون.