وهزیرى شارهوانی و گهشتوگوزاری حكوومهتى ههرێمى كوردستان، پێشوازى له گوتەبێژی حكوومەتى ههرێمى كوردستان كرد و پەرەپێدان و هەماهەنگیی میدیاییان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە 24/1/2021، وهزارهتى شارهوانى ڕاگهیاندراوێكى له پهیجى فهرمیی خۆى، له تۆڕى كۆمهڵایهتیی (فهیسبووك) بڵاو كردووهتهوه، تێیدا ئاماژه بهوه دراوه، ئهمڕۆ لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پەرەپێدان و هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا، بە مەبەستی خستنە ڕووی زانیاری لەسەر پرۆژەكان و گواستنەوەی چالاكییەكانی وەزارەت بۆ هاووڵاتییان و دهزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بابەتی هەماهەنگیی نێوان ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئەرێنی وەسف كرد، هەروەها ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكیشی لەپێناو فراوانكردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوانیان دەربڕی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی گەیاندنی كار و پرۆژەكانی وەزارەت بۆ بەرچاوی خەڵكی كوردستان و دهزگاكانی راگەیاندنی كوردستان.