كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەستەی سەرۆك هۆزە عەرەبەكان: پەکەکە ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی شنگال

گوتەبێژی دەستەی سەرۆك هۆزە عەرەبەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان باس لە پێشێلكارییەكانی چەكدارانی پەكەكە لە شاری شنگال و دەوروبەری دەكات و دەڵێت پەكەكە ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی شنگال.

لەمبارەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 24/1/2021، موزاحم حوێت، سەرۆكی دەستەی هۆزە عەرەبەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پێشێلكارییەكانی چەكدارانی پەكەكە لە شنگال بەردەوامە و ئەوان پێشێلكاریی جۆراوجۆر دەكەن و سەرانە لە خەڵك وەردەگرن، هەروەها كاری تێكدەرانە دەكەن لە ناوچەكە لەدژی كورد و عەرەبیش، هەروەها ئەوان منداڵان دەڕفێنن و ئینجا دەیانكەنە چەكدار و خاوەنی زیندانی نهێنیشن و مانەوەیان كارەساتە لە ناوچەكە و كورد و عەرەبی ناوچەكەش داوای دەرچوونی پەكەكە لە ناوچەكە دەکەن، چونكە ئەوان نوێنەرایەتیی كورد و عەرەب ناكەن".

موزاحم حوێت گوتیشی: "نوێترین كردەوە پەكەكە لە سنووری شنگال ئەوەیە لەلایەك خەڵكی بێتاوانی كورد دەكوژن و دەیخەنە ئەستۆی عەرەب، هەروەها خەڵكی بێتاوانی عەرەبیش دەكوژن دەیخەنە ئەستۆی كورد، ئەمەش بۆ ئەوەیە، كە ئاژاوە و فیتنە دروست بێت و ئامانجی سەرەكی ئەوانیش ئاژاوە و دووبەرەکێیە".

گوتەبێژی دەستەی سەرۆك هۆزە عەرەبەكان ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە تاكوو سەرەتای مانگی شوباتی داهاتوو چاوەڕێ دەكەین ئەگەر ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەكرێت، ئەوا كۆنگرەیەك دەبەستین و تێیدا داوا دەكەین هەرچی زووە ئەگەر بە هێزیش بێت پێویستە پەكەكە و هێزە چەكدارە میلیشیاكان لە شنگال دەربكرێن كە یەكێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە".

موزاحم حوێت روونیشی كردەوە: "پەكەكە بە هەمائاهەنگی لەگەڵ ئەجێندای دەرەكی ڕێگرن لە پێش جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، چونكە بەرژوەندیی ئەوان لەودا نییە كە دۆخی شنگال و دەوروبەری ئارام و ئاسایی بێتەوە و خەڵك بە ئاسوودەیی بژی و ئاوارەكانیش بگەڕێنەوە".