كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
باسنیوز 23/01/2021

وەرن با پێتان بڵێم دۆكیۆمێنتاری لەسەر چی بكەن

لە ئێران بە حسابی خۆیان فیلمێكی دۆكیۆمێنتاریان لەسەر پەلاماری داعش بۆ سەر ھەولێر كردووە و گوایا ئەگەر سەركردەیەكی سەربازی و ئەمنیی ئێران نەبوایە، ھەولێر و ھەرێمی كوردستان دەڕووخا، ئەم فیلمە ھەرچیەك بێت دۆكیۆمێنتاری نیە، بەڵكوو درۆمێنتاریەكی بە مەبەستە و ھەموو مەبەستەكەش بۆ لێدان و كەمكردنەوەی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیە وەك سەركردەی بزاڤی رزگاریی كوردایەتی و كوردستانی، ئەگینا ماندووبوونی زۆری ناوێت كە بە پلانداڕێژەری ئەو بە حسساب دۆكیۆمێنتاریە بڵێین:

1- بێزەحمەت ئەوە بۆچی كە داعش پێش ھەولێر پەلاماری مووسڵی دا، ئەو سەركردە ئێرانیە كە گوایە بە مەفرەزەیەك ھەولێری پاراستووە، خێرا نەچوو بە مەفرەزەیەك نا بەڵكوو بە ھەموو فەیلەقەكەی نەھێڵێت مووسڵ بكەوێتە دەست داعش و ئەو ھەموو چەك و جبەخانە قورس و نوێ و پێشكەوتووەی ئەمەریكا كە بە سوپای عێراق بوو، نەھێڵێت لە چاوتروكانێكدا بكەوێتە دەست داعش؟ خۆ ئەو كاتە مالیكیەكەی خۆیان سەرۆكوەزیران و فەرماندی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق بوو، ماوەیەكی زۆر پێش كەوتنی مووسڵیش سەرۆك بارزانی ئەو مالیكیەی لە ھەڕەشەی داعش و كەوتنی مووسڵ ئاگادار كردەوە، بەڵام نە مالیكی گوێی بەم ھۆشدارییەی سەرۆك بارزانی دا و نە هیچ سەركردەیەكی ئێرانی! ئەی ئەوە بۆچی ناچن دۆكیۆمێنتاریەك لەسەر ئەو كەوتنە یان ڕاستتر وایە بگوترێت ئەو بەدەستەوەدانە ئابڕووبەرەیەی مووسڵ بكەن بۆ ئەوەی بزانین پشتی پەردەی بەدەستەوەدانی مووسڵ چیی تیایە؟

2 - بێزەحمەت كە ئەوەندە شارەزاییتان لە دروستكردنی دۆكیۆمێنتاریدا ھەیە، ئەوە بۆچی ناچن دۆكیۆمێنتاریەك لەسەر ئەو كاتانە بكەن كە داعش تەنیا 60 كیلۆمەتر لە بەغداوە دوور بوو، بەڵام لەپڕ ڕووی داعش لە بەغداوە وەرچەرخێنرا بۆ سەر ھەرێمی كوردستان و پەلاماری شنگالیان دا؟ ئەوە كێ بوو ڕووی داعشی لە بەغداوە بۆ ھەرێمی كوردستان و شنگال وەرچەرخاند؟ دە بچن دۆكیۆمێنتاریەك لەسەر ئەمە بكەن.

3 - ئەھا تۆ ڕاوەستە، بیرم كەوتەوە ئەی بۆچی ناچن دۆكیۆمێنتاریەك لەسەر ئەو لوبنانە بكەن كە پێشتر بە (سویسرای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) ناو دەبرا كەچی ئێستا بەشێكی زۆر لە خەڵكەكەی ناو زبڵ و خاشاك دەگەڕێن بۆ ئەوەی پارچە نانێكی تیا بدۆزنەوە و بیخۆن؟ دە بچن دۆكیۆمێنتاریەك لەسەر لوبنان بكەن بۆ ئەوەی بزانین ئایا بەڕاستی كێ وای لەو سویسرایەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست كرد؟ ئەی بۆچی ناچن فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر (یەمەنی سەعید) بكەن و بزانن كێ ھۆكاری ئەوەیە كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حوسیەكان چەند كەس ھەڕەشەی لەبرسا مردنی لەسەرە و بزانن كێ و چۆن ئەو یەمەنە سەعیدە بوو بە یەمەنی سەرگەردان و بەدبەخت؟ ئەی بۆچی ناچن دۆكیۆمێنتاریەك لەسەر ئەو شامە شەریفە بكەن كە نزیكەی نیوەی دانیشتوانەكەی ئاوارە و سەرگەردانی وڵاتانی دەرەوە و دەوروبەر بوون؟ دە بچن دۆكیۆمێتاریەك بكەن و بزانن كێ شامی شەریفی لەسەر زەمینی واقیع كردووە بە شامی برسێتی و ترس و تیرۆر و تەقینەوە و زیندانیكردن؟

4- بێزەحمەت بچن دۆكیۆمێنتاریەك لەسەر ئەو كاتانە بكەن كە سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و وەك فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، سەركردایەتیی شەڕی دژی داعشی دەكرد و كەم شوێنی كوردستان ما كە لووتی داعشی تیا نەشكێنێت و نەیانكات بە پەندی زەمانە، بچن دۆكیۆمێنتاریەك لەسەر ئەمەش بكەن بۆ ئەوەی بزانین ئا لەو كاتانەدا بە فیتی كێ و چۆن بە ناوی كۆتاییھاتنی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی لە پەرلەمانەوە شەڕی لابردنی سەرۆك بارزانی دەكرا و لەم شەڕەشدا كێ دۆڕا و بە لووتی شكاوەوە لە ھەولێر دەركرا؟ ئەمانە بابەتی ڕاستەقینەی دۆكیۆمێنتارین، نەك درۆمێنتاریەكەی ئێستاتان.