عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی ساڵی رابردوو ئاشکرا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی ساڵی رابردوو ئاشکرا دەکات

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی ساڵی 2020 ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە 23-1-2021، سۆمۆ، کە کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، عێراق لە ساڵی 2020دا، زۆرینەی نەوتی خۆی هەناردەی وڵاتانی چین، هیندستان و ئەمریکا کردووە و تێکڕای نرخی مانگانەی بەرمیلێک نەوت 38 دۆلار و 86 سەنت بووە.

سۆمۆ هەروەها رایگەیاندووە، لەو ساڵەدا، عێراق بڕی ملیارێک و 96 ملیۆن و 345 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، کە تێکڕای نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە دوو ملیۆن و 362 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

هەروەک سۆمۆ رایگەیاندووە، داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2020دا 41 ملیار و 755 ملیۆن دۆلار بووە، کە تێکڕای داهاتی مانگانە سێ ملیار و 479 ملیۆن دۆلار بووە.

ئەو کۆمپانیایەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە 2020دا بڕی ملیارێک و 60 ملیۆن و 545 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و بەسرە هەناردەی دەرەوە کراوە و داهاتەکەشی 40 ملیار و 488 ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەها عێراق لەو ساڵەدا، بڕی 33 ملیۆن و هەشت هەزار بەرمیل نەوتی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کردووە و داهاتەکەشی ملیارێک و 196 ملیۆن دۆلار بووە.

سۆمۆ بڕی هەناردەی کێڵگەی نەوتی گەیارەشی لە ساڵی 2020دا ئاشکرا کردووە، کە 617 ملیۆن و  894 هەزار بەرمیل نەوت بووە و داهاتەکەشی 12 ملیۆن و 765 هەزار دۆلار بووە.

لەبارەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ ئوردن، سۆمۆ رایگەیاندووە، لە ساڵی 2020دا، عێراق دوو ملیۆن و 265 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئوردن کردووە و داهاتەکەشی 58 ملیۆن و 381 هەزار دۆلار بووە.