قایمقامی سۆران: هەژاری قۆناغێكە و تێدەپەڕێت نابێ كەسایەتیی هەژاران بشكێندرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

قایمقامی سۆران: هەژاری قۆناغێكە و تێدەپەڕێت نابێ كەسایەتیی هەژاران بشكێندرێ

پێویست ناكات وێنەی ئەو كەسانە بڵاو بكرێتەوە كە هاوكارییان پێشكەش دەكرێت 

ئەمڕۆ هەینی هەڵگورد شێخ نەجیب قایمقامی قەزای سۆران لە نووسینێكدا پێشنیازی كردووە چیتر خێرخوازانی هەرێمی كوردستان، وێنەی ئەو كەسانە نەگرن و بڵاو نەكەنەوە كە هاوكارییان دەكەن، دەشڵێ هەژاری قۆناغێكە و تێدەپەڕێت، نابێ كەسایەتییان بشكێندرێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی "دژی پێشاندانی وێنەی هەر مرۆڤێكم لە كاتی پێدانی هاوكاریدا، چونكە ناكرێت كەسایەتی و باری دەروونی كەسانی كەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی بشكێنن".

دەشڵێ هاوكاریكردن و خزمەتكردنی هەر هاووڵاتییەك، كاری مرۆڤایەتی و لەپێشینەی ژیانی رابردوو و ئێستایەتی، بەڵام ناكرێ وێنە و ناوی ئەو مرۆڤە یان ئەو خێزانە بخرێتەڕوو و بكەوێتە سەر لاپەڕی پەیج و ئەكاونتەكان، دەبێ بەر لە هەموو شتێك، كەسایەتی و باری دەروونی ئەو مرۆڤە بۆ ئێستا و داهاتووش رەچاو بكرێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە دەشێ هەر كەسێك لە قۆناغێكی ژیاندا پێویستی بە جۆرێك لە هاوكاری خەڵكانی تر هەبێت، بەڵام ئەمە كاتیە و تێدەپەڕێ، بۆیە وا باشە وێنەی ئەو كەسانە پێشان نەدرێ.

لە كۆتاییشدا دەڵێ دەزانێت مەبەست لە پێشاندانی هاوكارییەكان، پێشاندانی كارە دروست و باشەكانە، بۆ هاندانی خێرخوازی دیكەیە، بەڵام ناكرێ كەسایەتی و باری دەروونی كەسانی كەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی ژیان بكرێتە قوربانی.