حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە جێبەجێكردنی ڕاگرتنی مووچەی ئەو كەسانە دەكات، كە دوو مووچەییان هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (باسنیوز) كەوتوون، گەنجینەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، لەلایەن ژووری بایۆمەتریی ئەنجوومەنی وەزیرانى ههرێمى كوردستانەوە، لە ڕاگرتنی دوو مووچەیی ئاگادار كراونەتەوە.
لەو ئاگاداركردنەوەیەدا كە بۆ گەنجینەكان نێردراوە هاتووە، "ئاگاداری هەموو یەکەکان دەکەینەوە هەر نووسراوێکتان سهبارهت بەو فەرمانبەرانەی دوو مووچەن، یاخود دوو بایۆمەترییان هەیە، بۆ هاتووه، مووچەکانیان ڕابگرن".
لە بەشێكی دیكهى ئاگادارییهكهدا باس لهوهش كراوه: "پێتان ڕادەگەیهنین، هەر کەسێک کە پشتگیری لەلایەن بایۆمەتریی ئەنجوومەنی وەزیرانى ههرێمى كوردستانهوه پێدراوە، کە مووچەیەکی بڕاوە و مووچەی لە فەرمانگەکەی بدرێتێ، لەسەر هەمان پشتگیریی کۆن مووچەکەیان بۆ خەرج بکرێ و نەبڕن، هەر کەسێکیش پشتگیری بۆ نەکراوە، یەکەی ژمێریارییەکە خۆی سەردانی هۆبەی مووچەی بایۆمەتری بکات، بە مەبەستی ڕوونکردنەوە، تکایە فەرمانبەرەکان بەهیچ شێوەیەک بۆ ژووری مووچە مەنێرن، چونکە کارەکانیان بۆ ڕایی ناکرێ".
لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی مووچەی 10 هەزار و 609 مووچەخۆری ڕاگرت، كه دوو مووچهیان ههبوو.
هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆژیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیرانی ههرێمى كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو بڕیارانەی لهبارهى دیاریكردنی دوو مووچە نایاساییەكان دراون، ئێمە هەموو زانیاری و ناوەكانمان بە وەزارەتی دارایی داوە، ئەوەی لە بایۆمەتریی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، پەیوەندی بەو ڕێكارە هەیە، وەزارەتی داراییش بڕیاركە جێبەجێ دەكات".
جەختی لهوهش كردەوە: "ناو و زانیاری تەواوی ئهو كهسانهیان داوەتە وەزارەتی دارایی، كه دوو مووچهیان ههیه، ئەوان دیاری دەكەن هەر مووچەخۆرێك لەو دوو مووچەیە، كامەیان خەرج دەكرێت و كامەیان ڕادەگیرێت".
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆژیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیرانی ههرێمى كوردستان گوتیشی: "ئەوەی كە كراوە بۆ بڕینی دوو مووچەیی هەنگاوی یەكەم بووە، هەنگاوی دیكهش بەپێی یاسای چاكسازی دەكرێت و دوو مووچەی نایاسایی و ناشایستە هەمووی دەبڕدرێ".