بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر: قەبارەی سەرمایەگوزاریی وەبەرهێنان لە هەولێر 30 ملیار دۆلارە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر: قەبارەی سەرمایەگوزاریی وەبەرهێنان لە هەولێر 30 ملیار دۆلارە

 "مۆڵەت بە پڕۆژەیەك دراوە 8 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت"

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، لە گفتوگۆیەكی تایبه‌تدا، چەند پرسێكی تایبەت بە وەبەرهێنان دەخاتە ڕوو. رایدەگەیەنێت، ساڵی 2020 بە سەرمایەی 2 ملیار دۆلار، مۆڵەت بە دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە. ئاشكراشی دەكات، مۆڵەت بە پڕۆژەیەك دراوە، 8 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت.

سامان عا‌ره‌ب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، له‌ باره‌ی دۆخی ئێستای وەبەرهێنان بۆ (باسنیوز) گوتی: "دۆخی ئێستای وەبەرهێنان باشترە و ئارام و سەقامگیرە بۆ وەبەرهێنان. سەرەڕای پەتای كۆڕۆنا، دامودەزگاكانی وەبەرهێنان لە كاركردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی وەبەرهێنان بەردەوام بوون، هەروەها لەو ماوەیەدا ئێمە یاوەری شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووین بۆ هۆڵەندا، بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیش یاوه‌ر بوو، ئەیش بۆ زیاتر ئاشنابوون بە شارەزایی و ئەزموونی ئەو وڵاتە، بەتایبەت لە بواری كشتوكاڵی و ئەنجامدانی وەبەرهێنانی هۆڵەندی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەنجامدانی كۆنفرانسی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی ئەمەریكی لە هەرێمی كوردستان، ئەو چالاكییانەش كاریگەریی باشیان هەبووە بۆ راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی".

 ئاماژەی بەوەش دا، ساڵی رابردوو وێڕای پەتای كۆڕۆنا، وەبەرهێنەری بیانی هاتوونەتە هەولێر، ئەوانەیشی بەهۆی كۆڕۆنا پڕۆژەكانیان جێهێشتبوو، دووبارە گەڕانەوە سەر كارەكانیان.

ئەو بەڕێوەبەرە باسی لە پڕۆژەیەكی گرنگی وەبەرهێنانی گەشتیاریی چین كرد لە هەولێر و گوتی: “ھەموو ڕێکارەکانی دروستکردنی پڕۆژەکەی چین، کە بڕیارە بە بڕی پێنج ملیار دۆلار دروست بکرێت، تەواو بووە و تەنیا ماوە زەوییان بۆ تەرخان بکەین، کە زەوی تەرخان کرا، دەست بە دروستکردنی دەکرێ و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی 8 هەزار هەلی کار، ئەو پڕۆژەیە زۆر گەورەیە و گەشتیارییە، چەندین جۆری یاریی گەشتیاری لەناو پڕۆژەکە دروست دەکرێت، کە ڕەنگە شەش ساڵ بخایەنێت تا پڕۆژەکە کۆتایی دێت، چونکە پڕۆژه‌یه‌كی زۆر گەورەیە و دەست بە جێبەجێکردنی دەكرێت".

سامان عارەب، ئاشكراشی كرد، بە سەرمایەی زیاتر لە 2 ملیار دۆلار، ساڵی 2020 پڕۆژە لە هەولێر مۆڵەتیان پێ دراوە، گوتیشی: "دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی دوو ملیار دۆلار لە پارێزگای هەولێر مۆڵەتیان پێ دراوە". سەبارەت بە وردەكاریی ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێ دراوە، ئاماژەی بەوەدا، زۆربەی پڕۆژەكان پڕۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی بوونە، ئەویش بەپێی ئەو پلانی وەبەرهێنانەی، كە لە ساڵی 2020 لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان هەبووە مۆڵەتیان پێ دراوە، گوتیشی: "لەو هەزار و 58 پرۆژەی دەستەی وەبەرهێنان، كە بۆ ساڵی 2020 رایگەیاند، 272 پڕۆژەیان بەر هەولێر كەوتوون و كاری باشمان بۆ پڕۆژەكان كردووە و هەندێكیان مۆڵەت دراون و هەندێكی تریشیان ماون مۆڵەت بدرێن".

 بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان باسی لە قەبارەی وەبەرهێنان لە هەولێر كرد و گوتی: "بە گشتی، ژمارەی پڕۆژەی مۆڵەتپێدراو تا ئێستا 412 پڕۆژەیە، بە سەرمایەی 30 ملیار دۆلار، بەشێكی باشی ئەو پڕۆژانەش تەواو بوونە و بەرهەمیان هەیە و بەشێكیش لە تەواوبووندان و هەندێکی تریش كاریان تێدا دەكرێت".

سامان عارەب باسی لەوەش كرد، لە 11 سێكتەر مۆڵەت بە پڕۆژە دەدرێت، "پێشینەی مۆڵەتیش بۆ سێكتەرەكانی پیشەسازی و گەشتیاری و پڕۆژە كشتوكاڵییەكانە، لە سنووری شاری هەولێر ئەو پڕۆژانەی پێشكەش كراون، بەشی هەرەزۆریشیان پڕۆژەی كشتوكاڵی و پیشەسازین و بەشەكانی دیكە كەمتر پاڵپشتیی دەكرێن، هەوڵ دەدرێت تا زیاتر گرنگیی بە سێ‌ سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بدرێت و ئەو سێكتەرانە بێنە پێشەوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر سێكتەری پیشەسازی بە سێكتەری یەكەم دێت، كە مۆڵەتی وەرگرتووە و زۆرترین وەبەرهێنان لە ساڵی ڕابردوو بریتی بووە لە سێكتەری پیشەسازی لە شاری هەولێر، بەپێی ئەو پلانەی بۆمان دانراوە، بەشی هەرەزۆری ئەو پڕۆژانە پڕۆپۆزەلیان ئامادە كراوە و لە قۆناغی جێبەجێكردندان".

جەختیشی كردەوە، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوی كرداری نراوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كوردستان گرنگیی تەواوی پێ‌ بدرێت و لە پلانی ئەمساڵیش گرنگیی بە سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار دەدرێت.