كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی کشتوکاڵ: لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئەنفلەوەنزای باڵندە تۆمار نەکراوە

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندەی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سەرجەم پارێزگاکان دەکات کە بە وردی بەدواداچوون لەسەر ڕەوشی کێڵگە پەلەوەرییەکان بکەن و ڕێنماییەکانی لێژنەی باڵای ئەنفلەوەنزای باڵندە جێبەجێ بکەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵی و ڤێتەرنەری، بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی و بە ئامادەبوونی لێژنەی ئەنفلۆنزای باڵندە و پسپۆڕان وسەرجەم بەڕێوەبەرانی ڤێتەرنەری پارێزگاکان وئیدارەی گەرمیان کۆبوونەوە بەمەبەستی گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ کێشەکانی بواری ڤێتەرنەری لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بڵاوبونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئاماژە بە ئەوە کرا لە هیچ ناوچە و شارێکی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ حاڵەتێک لەو نەخۆشییە تۆمارنەکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەوەشی کە هەندێک لەڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە دەربارەی مرداربوونی ژمارەیەک مریشک لە پارێزگاکان هۆکارەکەی تەنیا پەتا وەرزیەکانە و ساڵانە لەم وەرزەدا ڕوودەدەن بە هۆکاری جیاواز، بەڵام لەبەرئەوەی هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە شاری سامەڕا، زیاتر سەرنجی هاووڵاتیان و راگەیاندنەکانی ڕاکێشاوە".

لەکۆبوونەوەکە داواکرا لە سەرجەم بەڕێوەبەری پارێزگاکان بە وردی بەدواداچوون لەسەر ڕەوشی کێڵگە پەلەوەرییەکان بکەن و ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای ئەنفلەوەنزای باڵندە جێبەجێ بکەن.