كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی پلاندان بۆ دانانی سیسته‌مێکی ستانداردی گرێبه‌ستكردن كردنه‌وه‌ی خولی درێژخایه‌نی ده‌ست پێكردووه‌

 بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لەڕێگەی پێگەیاندنی ڕاھێنەری شارەزاکردنی واژۆکردنی گرێبەستە گشتییەکانەوە، بابەتی کەموکورتی و گەندەڵی لە گرێبەستی پڕۆژەکان ناھێلێن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20/1/2021، زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندان بە ( باسنیوز)ی ڕاگەیاند:"ھاوشێوەی وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانانیش دەیەوێت بەشدارییەکی سەرەکی بکات لە چاکسازییەکانی حکوومەت، یەکێک لەو بوارانەش، بابەتی واژۆکردنی گرێبەستەکانی حکوومەتە لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرھێن و ھەموو ئەوانەی کار و پڕۆژەیەکی گرنگیان پێدەدرێت، کە پێشووتر کەموکورتی لەو ڕووەوە ھەبووە ".

ئاشكراشی كرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (USDP) دەستیان کردووە بە کردنەوەی خولی درێژخایەن بۆ پێگەیاندنی ڕاھێنەری حکوومی لە بواری شارەراکردن لە گرێبەستە گشتییەکان لە پێناو دانانی سیسته‌مێکی ستانداردی گرێبەستکردن، کە کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێکتر لە پێشوو، ھاوکات شەفافیەت و دادپەوەری زیاتر فەراھەم دەکات.

زاگرۆس فەتاح باسی ئەوەشی کرد، تا ئێستا ٣٦ ڕاھێنەریان بۆ وەزارەتەکان پێگەیاندووە و لەو کارەش بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی لەکاتی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکانیان، شارەزاییان ھەبێت، کە دەبێت پڕۆژەکە بخرێتە ڕاگەیاندنی ئاشکرا و پێشبڕکێی کوالێتی و نرخ دروست بکات.

بەگوتەی بریكاری وه‌زاره‌تی پلاندانان، ئەو ھەنگاوەی حکوومەت وێڕای ئەوەی گەندەڵی ناھێڵێت و زۆرترین کۆمپانیاش لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەشدار دەبن، ھاوکات داھاتیش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.