هۆشداری لە داڵدەدانی دوو بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان لە لایەن قاچاخچییەكانەوە دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هۆشداری لە داڵدەدانی دوو بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان لە لایەن قاچاخچییەكانەوە دەدرێت

دادگایەکی گەرمیان بە تۆمەتی فێڵکردن و گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوون

بەتۆمەتی دۆسەیەی پسوولەی ساختە، دادگای قورەتووی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان و بەڕێوبەری گومرگی گەرمیان دەرکردووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا دەستگیر نەكراون و ترسیش هەیە لە لایەن بەرپرسان و ئەوانەی لە پشتەوە دەستیان لەگەڵ لەگەڵ قاچاخچییەكان تێكەڵ كردووە، داڵدە بدرێن.

ھەفتەی پێشوو دادگای قۆرەتووی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ هەریەك لە عەلی تۆفیق، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان و حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەركرد. فەرمانەكەش بە تۆمەتی فێڵكردن لە حیساباتی گومرگی ئەو بارهەڵگرانە بووە كە دێنە دەروازەی پەروێزخانەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەو دوو بەرپرسە دەستگیر نەکراون.

لەمبارەیەوە کاروان گەرمیانی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی دەڤەری گەرمیان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، گەندەڵییەکی زۆر لە دەروازەی پەروێزخان و گومرگی گەرمیان ھەیە و لەلایەن دادگاوە چەند بەرپرسێک بە تۆمەتی گەندەڵییە فەرمانیان لە دژ دەركراوە، ئەگەر یاسا سەروەربێت، دەبێت چاوپۆشی لە کەس نەكرێت و ھەموو ئەو کەسانەی داواکراون، بڕۆنە بەردەم دادگا و ئەستۆپاکیی خۆیان بسەلمێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ھیچ بەرپرسێكی دامودەزگا حکوومییەکانی ئیدارەی گەرمیان ناتوانن کاری گەندەڵی بکەن، ئەگەر دەستێکی مەزنیان لەپشتەوە نەبێت، بۆیە “ئەگەر لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی ناوچەکە بێدەنگی ھەڵبژێرین، ئەو کەسانەی بە تۆمەتی گەندەڵی تێوەگلاون، دادگایی ناکرێن و لەلایەن بەرپرسانی حزبی و ئەوانەی پشتیوانییان لێوەكردوون، داڵدە دەدرێن”.

لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، عەلی قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە (باسنیوز)ی گوت: “ھیچ قسەیەک لەسەر ئەو دۆسەییە ناکەم و ئەوە کاری دادگایە، پێویستە دادگا قسەی لەسەر بکات”.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ئەگەر هەیە ئەو بەرپرسانەی لە ژێرەوە ڕێگەیان بە قاچاخچێتییەكانی دەروازە سنوورییەكانی سنووری سلێمانی داوە، لە پشت هۆكاری دەستگیرنەكردنی ئەو دوو تۆمەتبارەوەن و ئەگەر هەیە داڵدەیان بدەن.

مانگی 10ی ساڵی رابردوو، دادوەری لێكۆڵینەوەی قۆرەتوو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك هاوڵاتی دەركرد بەتۆمەتی ساختەكردنی پسوولەی گومرگ و بردنی بار بەو پسولانە، كە وەك باس دەكراو بڕی ئەو ساختەكارییانە نزیكەی چوار ملیار دینار بوە، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە ١٥ كەس راگیران و بەشی زۆریان دواتر بە كەفالەت ئازاد كران.