كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

مەسرور بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/1/20 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش ، هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت . سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و  نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان  و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت.

سەرۆکی حکومەت  ئاماژەی بە کارنامەی حکومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ .  گوتیشی ”هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم“.

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە .