وەزیری بازرگانیی عێراق: دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری بازرگانیی عێراق: دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرین

لیژنەیەک بۆ چارەسەرى گرفتە پیشەسازییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا پێکهات

کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕای گەیاند کۆبوونەوەکیان لەگەڵ وەزیری بازرگانیى عێراق بەمەبەستى چارەسەرى گرفتەکانی بواری پیشەسازی بەڕێوە بردووە و لیژنەیەکى هاوبەشیان بۆ چارەسەرى گرفتەکان پێک هێناوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی١ی٢٠٢١ مەنهەل خەباز، وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى عێراق لە شارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى فراوانى لەگەڵ وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە خاوەن کۆمپانیا و کارگە و  بازرگانان بەڕێوە برد و ڕای گەیاند ئێمە دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرین.

لە پرێس کۆنفرانسێکدا کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیى حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتى: "ئەم کۆبوونەوەیە وەک خولى یەکەم لە شارى هەولێر بەڕێوە چووە و دواتر لە بەغدا کۆبوونەوەى دیکە بەڕێوە دەبەین و بۆ چارەسەرى گرفتەکانیش لیژنەیەک پێک هاتووە کە دەبێ بە گرفتەکانى بواری پیشەسازی لە نێوان هەولێر و بەغدادا بچێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەکە٦٠ رۆژ جارێک ڕاپۆرتێک بۆ هەردوو وەزارەتى پیشەسازى و بازرگانیى حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەنێرن".

 ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: "گرەنتى هەیە بۆ قسەکردن لەسەر تەواوى گرفتەکان، بەتایبەتى ساغکردنەوەى بەرهەمە پیشەسازییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق، هەروەها ڕێکخستنى باجەکان، هەروەها پێدانى نیشانەى بەرهەمهێنان".

لەمبارەوە مەنهەل خەباز وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى عێراق ڕای گەیاند: "ئێمە دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرین و ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنانەى کە لە نێوان وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا واژۆ کراوە، بۆ ئەوەیە کە هەموو گرفتەکانی ئەم بوارە دەستنیشان بکرێن و دواتر کاریان لەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەى فراوانى نێوان هەردوو وەزارەتى پیشەسازى لە بەغدا بەڕێوە دەچێت".

وەزیری پیشەسازیی عێراق باسی لەوەش کرد: "لە سەرانسەرى عێراق گرفتى تۆمارکردنى کۆمپانیاکان هەیە و لەسەر ئەو بابەتەش گەیشتووینەتە داڕشتەیەک بۆ چارەسەرى گرفتەکە و کۆمەڵێک گرفتى دیکەشمان هەیە کە دەبێ هەمووى بەیەکەوە قسەىان لەسەر بکرێت".