ئامادەسازی بۆ پڕۆژەیاسایەك دەکرێت كە تایبەتە بە خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئامادەسازی بۆ پڕۆژەیاسایەك دەکرێت كە تایبەتە بە خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش

ئه‌ندامێكى لێژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئامادەسازی بۆ پڕۆژەیاسایەك دەکرێت، كە تایبەتە بە خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش.

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "جێگری سەرۆکی پەرلەمان و لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، سەردانی وەزارەتی ناوخۆمان کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ بكەین".

ڕوونیشی كردەوە، چەند تەوەرێكی گرنگ باس كراون لەوانە: گفتوگۆکردن لەسەر پێکھێنانی ئەو ھێزە ھاوبەشەی لە ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە بڕیارە بچێتە دەروازە سنوورییەکان بۆ بنبڕكردنی قاچاغچێتى، هەروەها ڕێكخستنەوەی یەکەكانی پاسەوانی لە یەك یەكەی پاسەوانی و نووسینەوەی پەیڕەوێك بۆ دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی.

ئه‌ندامه‌كه‌ى لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشى كرد، پڕۆژەیاسایەک بۆ خانەنشینیی هێزەکانی ناوخو ئامادە ده‌کرێ، گوتیشی: "ئامادەسازی بۆ پڕۆژەیاسایەك دەكرێت، كە تایبەتە بە خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش، چونکە خانەنشینیی ھێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش ڕێژەكەی كەمە و دەبێ بەشێوەیەكی لێ بكرێت، كە شایستەی ماف و ماندوبوونیان بێت، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزیری ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان قسە کراوە".

جەختی له‌وه‌ش كرده‌وە، هه‌روه‌ها كار بۆ ڕێكخستنەوەی كۆمپانیاكانی تایبەت بە پاسەوانی لە چوارچێوەی یاسایەكدا ده‌كرێت.

ئەرشەد لۆلانی ئەوەشی خستە ڕوو، لە سەردانەکەدا گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێ بابەت کراون، کە تایبەتن بە جێبەجێکردنی چاکسازی لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ، باسى له‌وه‌ش كرد: "بە گشتی كۆبوونەوەیەكی زۆر ئەرێنی بوو، وەزیری ناوخۆ پێی ڕاگەیاندین كە ھەنگاوی جدییان لە پرسی چاکسازی هاوێشتووە، پەرلەمانیش پشتگیرییان دەربڕی و ئەمە ھەنگاوێكی باشە بۆ پێكەوە كاركردنی دەسه‌ڵاتەكانی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن".