بە بەڵگە.. ئەو گەنجەی لە تووڕەق پەلامار درا پێشتر لە لایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە هەڕەشەی لێكراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بە بەڵگە.. ئەو گەنجەی لە تووڕەق پەلامار درا پێشتر لە لایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە هەڕەشەی لێكراوە

دوو ڕۆژ لەمەوبەر نووسینێكی لەبارەی هەڕەشەلێكردنی لە لایەن ئەو بەرپرسانەوە بڵاو كردۆتەوە

ئەو گەنجەی شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی تووڕەق لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر پەلامار درا، پێش دوو ڕۆژ لە نووسینێكیدا ئاشكرای كردووە كە لە لایەن بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەڕەشەی لێكراوە.

شەوی ڕابردوو وێنەیەك بڵاو كرایەوە و لە پاڵیدا نووسرا كە گەنجێكە بە ناوی هاوڕێ كوردی، پەلامار دراوە و لە كاتی پەلاماردانەكەشدا پێی گوتراوە كە نابێت چیتر ”زماندرێژی“ بكەیت.

لەمبارەیەوە (باسنیوز) بەدواداچوونێكی بۆ ڕووداوەكە كرد، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، ئێوارەی ڕۆژی ١٨ی ١ی ٢٠٢١ و ٢٤ كاتژمێر پێش ئەوەی پەلامار بدرێت، هاوڕێ كوردی نووسینێكی بە ناونیشانی (سەكۆی ئازادییەكەی كۆچكردوو مام جەلال!) بڵاو كردۆتەوە و تێیدا ئاشكرای كردووە كە لە لایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە پەلامار دراوە.

هاوڕێ كوردی لەپاڵ بڵاوكردنەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی مام جەلالدا، نووسیویەتی: ”قسەکەم لەسەر ئەو پەیامە کورتەی مام جەلالە، لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن، لەسەر ئەو بنەمایە چەند ڕۆژێکە بەر لە ئێستا چەند ڕەخنەیەکم ئاراستەی چەند کاربەدەستێك کردووە، بەڵام دیارە نەك چاوەڕێی پاداشت نەبووم، بەڵکو  خەریکە جارێکی تر سزا بدرێمەوە“.

هاوكات پرسیاری ئەوەی كردووە كە ”كی ڕاستگۆیە؟ ئایا سکرتێری کۆچکردوو؟ یاخود ئەوانەی خۆیان بە خوێندکارەکەی مام دەزانن؟“.

هاوڕێ كوردی نووسیویەتی: ”ئەگەر خوێندكاری مام بن، ناكرێت من لەسەر بیروڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن سزا بدەن، ئەگەر لەسەر رەخنەگرتنیش خەڵك سزا بدەن، ئەوا نەك هەر خوێندكاری مام نەبوون، بەڵكوو نموونەی وەك ئێوەبوون ئەم دۆخەیان خولقاندووە“. 

لە كۆتاییشدا دەڵێت: ”هەستێکی خۆشم هەیە، کە کارێکم بۆ دۆزیونەتەوە، لە ڕاستگۆیی خۆم، دڵسۆزیم بۆ خاك و نەتەوەکەم زۆر دڵنیام، بۆیە سەرکەوتن ئەوەیە کە بەردەوام بێت لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی نەك هەر ڕۆژەو قسەیەك!“.

 

No description available.