كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لێژنەی بەرگری: کارکردن لەسەر پرۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ دواخرا

ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پەسەندکردنی پرۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، دواخرا.

عەبدولخالیق عەزاوی، ئەندامی لێژنەکە رایگەیاندووە، لەم خولەی پەرلەماندا (خولی چوارەم)، ناتوانرێ پرۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ پەسەند بکرێت، هەرچەند پرۆژەیاسایەکی گرنگە و زۆر کێشەی وەک کێشەی تائیفی، چارەسەر دەکات.

عەبدولخالیق عەزاوی هەروەها رایگەیاندووە، خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ هەلی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق دروست دەکات.

ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی ئێستای عێراق پەرۆش نییە بۆ تەواوکردنی پرۆژەیاساکە و ناردنی بۆ پەرلەمان، بۆیە دواخراوە.

عەزاوی پێیوایە رەنگە حکوومەتی نوێی عێراق کار لەسەر پرۆژەیاساکە بکاتەوە و بینێرێتە پەرلەمان، ”لە پەرلەمانیش زۆرینەی کوتلەکان لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەن“.