ئەمڕۆ جۆ بایدن وەک سەرۆکی ژمارە 46ـی ئەمریکا دەست بەکار دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ جۆ بایدن وەک سەرۆکی ژمارە 46ـی ئەمریکا دەست بەکار دەبێت

خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقە

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 20-1-2021، جۆ بایدن لە رێوڕەسمێکدا، وەک سەرۆکی ژمارە 46ـی ئەمریکا دەست بەکار بێت.

جۆ بایدن وەک کاندیدی دیموکراتەکان، لە هەڵبژاردنی رۆژی 3-11-2020 رکابەریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا (لە 20-1-2017 تا 20-1-2021) و کاندیدی کۆماریخوازەکانی کرد و سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

جۆ بایدن لە 20-11-1942 لە ناوچەی سکرانتۆن لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لەدایک بووە. مەسیحییەکی کاسۆلیکییە و سەر بە کەنیسەی کاسۆلیکیی رۆمانییە.

لە ساڵی 1952، خێزانەکەی بایدن لە پەنسلڤانیاوە گواستیانەوە بۆ ناوچەی کلایمۆنت لە ویلایەتی دیلاوێیر و لەوێ ژیا تا ساڵی 1972. لە ساڵی 1965 بەشی مێژوو و سیاسەتی لە زانکۆی ئەریشمیر لە دیلاوێیر تەواو کرد و دواتر لە ساڵی 1968 بەشی یاسای لە زانکۆی سیراکۆس تەواو کرد و لە ساڵی 1969 بووە پارێزەر.

بایدن لە ساڵی 1966 و لەو کاتەی لە کۆلێژی یاسا بوو، هاوسەرگیری لەگەڵ نیلیا هانتەر کرد و دوو کوڕ و کچێکیان بە ناوەکانی جۆزێڤ بایدن، رۆبێرت هانتەر و ناعۆمی هەبوو. نیلیا هانتەر لە ساڵی 1972 تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بوو، کە تێیدا خۆی و کچەکەی گیانیان لەدەست دا.

جۆ بایدن لە ساڵی 1975 هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک بەناوی جیل تەراسی جایکۆب کردەوە و کچێکیان بوو و ناویان ناوە ئاشلی.

جۆ بایدن لە ساڵی 1972 بووە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و شەش هەڵبژاردنی لەسەر یەک، بە ئەندامی هەمان ئەنجوومەن هەڵبژێردراوە. بایدن تا ساڵی 2009 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بوو.

لە 20-1-2009ـەوە وەک جێگری باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەست بەکار بوو تا رۆژی 20-1-2017.

چەند هەڵوێستێکی بایدن لەبارەی عێراقەوە:

- لە ساڵی 1991 دژایەتیی شەڕی وڵاتەکەی بۆ رزگارکردنەوەی کوێت لەژێر داگیرکاریی رژێمی بەعسی عێراق، کرد.

- لە ساڵی 2002 دەنگی بە بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعس، دا.

- لە ساڵی 2007 دژایەتیی بڕیاری زیادکردنی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، کرد.

- لە ساڵی 2008 بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقی بۆ سێ هەرێمی کورد، سوننە و شیعە داهێنا و رایگەیاند، تەنیا ئەو دابەشکردنە کۆتایی بە کێشەکانی عێراق دەهێنێت.