بەفرین سدیق: هیچ کارێک سەخت نییە ئەگەر حەز و خولیای لەگەڵ بێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەفرین سدیق: هیچ کارێک سەخت نییە ئەگەر حەز و خولیای لەگەڵ بێت

بەفرین سدیق خانمە دیزاینەرێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و بە سیرامیک دیزایین لەسەر کەلوپەلی جوانکاریی خانمان و ناوماڵ دروست دەکات و دەڵێ" هیچ کارێک سەخت نییە ئەگەر حەز و خولیای لەگەڵ بێت".

بەفرین بۆ (باسنیوز) گوتی: "شارەزایی باشم لە کۆمەڵێک هونەری جیاوازی کاری دەستی هەیە، بەڵام ئێستا تایبەتم کردووە بە سیرامیک و ماوەی 19 ساڵە کاری سیرامیک دەکەم و جیاوازی زۆرم تیادا کردووە بەپێی ئەزموونی کارکردنی زۆر هەموو خێزانەکەشم هاوکاریم دەکەن و کچەکەم و خوشکەکانیشم شارەزاییان هەیە لە هونەری کاری دەستی".

گوتیشی: "پێشووتر پێداویستیەکانم لە بازاڕ دەکڕی، بەڵام ئێستا کەلوپەلی ئەورووپی دەکڕم و کاتێک زۆر پێوەی ماندوو دەبم حەز دەکەم کەلوپەلی باش بۆ دروستکردنی کارە دەستییەکانم بەکار بهێنم و سیرامیکەکەشم کوالێتیی زۆر باشە، زۆر جار بەرهەمەکانم نرخێکی باشیش ناکات، بەڵام حەز دەکەم کارەکانم بئ وێنەبن و کڕیارەکانم لێی ڕازی بن، ئەو شتانەی کە دروستیان دەکەم پێکهاتوون لە مەدالیا، گوستیلە، گوارە و گوڵ یەخە، دەست بەند و مەدالیای کلیل و کۆمەڵێک کەلوپەلی جوانکاریی ناوماڵی وەکو گۆزە و کوپ و ئاوێنە".

بەفرین ئەوەشی خستەڕوو "دیزاینەکانم هەموویان بیرۆکەی خۆمن و حەز ناکەم شتی دووبارە دروستبکەمەوە، مەگەر کڕیارەکانم خۆیان داوای بکەن، تا ئێستاش لە چەندین پێشانگای هونەری بەشداریم کردووە، تەنانەت مامۆستایانی زانکۆش دەستخۆشیان لێکردووم و بە کارەکانم سەرسام بوون، ئەوەش زیاتر هاوکاری منی کردووە و ئێستاش کارەکەم بۆم بووەتە سەرچاوەیەکی دارایی باش".

گوتیشی: "هیچ کارێک سەخت نیە ئەگەر خولیای لەگەڵ بێت، ئێستا هەوڵدەدەم پەرە بە کارەکەم بدەم و لە داهاتوودا براندێکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە".