كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خەسرەو گۆران: دواخستنى هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندیى کوردە

بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتی کوردستان رایگەیاند دواخستنى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە بەرژەوەندى کوردە چونکە ئامادەکاریى زیاتر دەکەین، دەرفەتێکیشە بۆ زیاتر لەیەک نزیکبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان.

خەسرەو گۆران، بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە(باسنیوز) ى راگەیاند: "بە هۆى ناکۆکیى نێوان لایەن سیاسییەکانەوە هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئۆکتۆبەرى داهاتوو دواخرا، هەرچەندە ئێمە ئامادەکارییەکانى خۆمان کردبوو بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە، بەڵام دواخستنى هەڵبژاردنەکان زیاتر لە بەرژەوەندى کورددایە، بۆ ئەوەى ئامادەکارى زیاتر بکەین و هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە".

راشیگەیاند: "دواخستنى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرفەتێکە بۆ بەخۆداچوونەوە و زیاتر لەیەک نزیکبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى کەردستان، چونکە پێویستە کورد بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان هاوپەیمانییەک پێک بهێنێت بۆ بەدەستهێنانى زۆرترین دەنگ و بەفیڕۆنەچوونى دەنگەکانى کورد لەو ناوچانە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" پێویستە هەموو هاووڵاتییەک سەردانى بنکەکانى کۆمسیۆن بکات بۆ وەرگرتنەوەى کاتى کارتى دەنگدانى، بەتایبەت ئەو کەسانەى کە یەکەمجارە بەشدارى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکان دەکەن،ئەم ماوەیە دەرفەتێکیشە بۆ کۆمسیۆنیش تا بتوانن بە تەواوى کارەکانیان راپەڕێنن".