بەڕاستی پێمان بڵێن ئێوە نوێنەری كێن و خەریكی چین؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڕاستی پێمان بڵێن ئێوە نوێنەری كێن و خەریكی چین؟

 

خانمێكی ئەندام پەرلەمانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت ھەتا ئێستا پارتی وەك حزب ئامادە نییە نەوت ڕادەستی بەغدا بكات بۆ ئەوەی بەغداش مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بنێرێت. سەیرە لەبەغدا! ڕۆژێك پێشتر فراكسیۆنی ئەم خانمە داوای لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد نەك پارتی كە ھەر لە ئێستاوە نەوت ڕادەستی بەغدا بكات بۆ ئەوەی بەغداش بەشە مووچە و بودجەی ھەرێم بنێرێت. واتە لەنێوان دوو ڕۆژدا جارێك داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن نەوت ڕادەستی بەغدا بكات و جارێكی تریش داوا لە پارتی دەكەن ئەم كارە بكات، كەواتە ھەتا ئێستا خۆی و فراكسیۆنەكەی جیاوازی ناكەن لە نێوان پارتی و حكوومەت یان حزب و حكوومەت. ئینجا:-

1- تۆ وەرە ئەندامی پەرلەمان ئەوەندە عاقڵ بیت! كە ھێشتا پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەوەتا لە پەرلەمانی عێراق و ھێشتا ئەو پڕۆژەیە نەبووە بەیاساو ھێشتا نازانرێت ھەتا ئەو كاتەی ئەو پڕۆژەیە دەكرێت بەیاسا دژە كوردەكان لە پەرلەمانی عێراق بە جاشەكانی ناوخۆیشمانەوە چی لەو بڕگەو مادانە دەكەن كە پەیوەندیان بەو ئەرك و بەو ماف و شاییستە داراییانەی ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە كە بەگوێرەی ڕێككەوتنی پێشتری نێوان شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەناو ئەو پرۆژە یاسایەدا جێگیر كراوە كەچی تۆ ئەوەندە عاقڵ بیت داوا بكەیت ھەر لە ئێستاوە ھەرێمی كوردستان ڕۆژانە 250 ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات.

2- تۆ وەرە ئەندامی پەرلەمان و فراكسیۆنی پەرلەمان ئێوە ئەوەندە عاقڵ بن ! كە پێش ئەوەی داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی ھەر لە ئێستاوە ڕۆژانە 250 ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات ، پێش ئەوە نەچن بە حكوومەتی عێراق بڵێن:- باشە ئێوە بۆچی كە ھێشتا پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 پەسەند نەكراوەو نەبۆتە یاسا كەچی دەچن مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2021ی مووچەخۆرانی لای خۆتان لەسەر بنەمای یەك لەسەر دوازدەی یاسای بودجەی ساڵی 2019 دابەش دەكەن، بەڵام ھەر لەسەر بنەمای ئەم یەك لەسەر دوازدەیەی یاسای بودجەی ساڵی 2019 شاییستەی دارایی ئەم مانگەی ھەرێمی كوردستان نانێرن؟ ئایا یاسای بودجەی ساڵی 2019 بۆ ھەموو عێراق نەبوو بە ھەرێمی كوردستانیشەوە؟ ئەی باشە ئیتر ئەم جیاوازیكردنە لە نێوان مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بۆچی و ئەم ھەڵاواردنەی نێوان مووچەخۆران پشتی بە چ بنەمایەك بەستووە؟ بەڕاستی پێمان بڵێن ئێوە نوێنەری كێن و خەریكی چین؟ بە من مەڵێن بەخەڵك بڵێن، چونكە من باشتان دەناسم و زۆر لە مێژە لە ناسینتان تێر بووم!