كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هاوپەیمانیی فەتح: مستەفا كازمی خۆی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدزێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ئەندامێكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق، حكوومەتی كاتیی مستەفا كازمی بە خۆدزینەوە لە ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمەتبار كرد.

ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەكەم دوابخرێت، بەڵام هاوپەیمانیی فەتح وەك لە بەیاننامەكەی دوێنێشدا ئاماژەی پێدابوو، متمانەیان بە حكوومەتی كاتیی عێراق نییە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات و پێشبینی دەكەن بخرێتە ساڵی ٢٠٢٢ و كاتی ئاسایی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی چوار ساڵ جارێكی پەرلەمان.

لەمبارەیەوە پەرلەمانتار محەمەد كەریم لە فراكسیۆنی فەتح بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە كە حكوومەتی كاتیی مستەفا كازمی هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان.

گوتیشی تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی عێراق لیستی هەڵبژاردنیان نوێ نەكردووەتەوە و كارتی بایۆمەتریشیان نییە، حكوومەتی كاتییش دەستەوەستانە لە دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

لەلایەكی دیكەوە عەلی تەمیمی پسپۆری یاسایی عێراقی رەخنەی لە حكوومەتی كاتی گرت لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و ئاماژەی بەوەدا كە ئەم دواخستنە پێچەوانەی خواستی گەلانی عێراق و خۆپیشاندەرانیشە.