بارەگای بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندی یاوەری کردووە کە لە ژمارەیەک ڕاوێژکار و کاربەدەستی وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێک هاتوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی 1ـی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە خلووسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە یاشار گولەر سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا و هاكان كاراچای كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و كاربەدەستی وەزارەتی بەرگریی توركیا.
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی توركیا ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو و، جەختی لەوە كردەوە كە سەقامگیریی و ئاساییشی ناوچەكە و، هەروەها پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی زۆری هەیە و ڕاشیگەیاند، سەقامگیری و ئاساییش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و پێشكەوتنی ناوچەكە. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش وەزیری بەرگریی توركیا ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە هەموو كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر ببێت.
لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، جەختی لە بنەماكانی دۆستایەتی و دراوسێبوون لە نێوان هەردوولا كردەوە. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و تەحەدییات و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.