به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی داتا‌کان له کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، باس له رێکاره‌کانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق ده‌کات و ئاماژه‌ی به‌وه کرد ئەسته‌مه عێراق بتوانێت له کاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بەڕێوە ببات.
کاروان جه‌لال، لەمبارەوە بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەسته‌مه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق بەڕێوە بچێت و ئەگەریش له واده‌ی خۆشی‌دا بکرێت، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌که که‌موکورتی ده‌بێت که پێویسته کۆمیسیۆن ماوه‌ی لەبهردهست بێت که لایه‌نه‌کان رازی بکات، چونکه هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌قامیگیریی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرێت و ئه‌گه‌ر له‌و وادهیەی که دانراوه، هەڵبژاردن بکرێت، کێشه و گرفتی سیاسیی به‌دواوه ده‌بێت".
ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن گوتیشی: "هۆكاره‌كان زۆرن بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین كه ئه‌سته‌مه ئه‌و پرۆسه‌یه لە حێراق له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت، له‌وانه دوای شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش زۆرێک له خه‌ڵكی شاره‌كان ئاواره و دهربهدەر بوون و ئه‌وه‌ش وای كرد كه زۆربه‌یان پێداویستی و به‌ڵگه فه‌رمییه‌كانیان ون بێت، یان له‌ناو بچێت، ئه‌ركی كۆمسیۆن به‌وه‌ش قورس‌تر ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایه‌ی هه‌ڵبژاردن كه په‌سه‌ند كراوه یاسایه‌كی نوێیه، كۆمسیۆن له لووتكه‌وه بۆ بنكه‌كان هه‌ڵوه‌شایه‌وه و وای لێ هات سه‌رله‌نوێ كۆمسیۆن كه‌سانی نوێ دابنێت و ئه‌وه‌ش شاره‌زایی و خولی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئاماده‌كاریی پێویست بكات، ئه‌وه‌ش بێگومان كاتی ده‌وێت".
كاروان جه‌لال راشی گه‌یاند: "ئه‌سته‌مه لە عێراق هەڵبژاردن له 6ی مانگی حوزەیراندا به‌ڕێوه بچێت، بۆیه كۆمسیۆن داوای كردووه كه واده‌كه بۆ 16ی تشرینی یه‌كه‌م دوا بحرێت، ئه‌و واده‌یه‌ش واده‌یه‌كی باشه بۆ ئه‌وه‌ی كۆمسیۆن بتوانێت ئاماده‌كارییه‌كانی خۆی وه‌كوو پێویست ته‌واو بكات، چونكه كۆمه‌ڵێك رێكار هه‌یه كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پێویسته خۆی بۆیان ئاماده بكات و كاریان له‌سه‌ر بكات و ئێستاش كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ستی كردوه به نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له هه‌موو پارێزگاكان به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه".
به‌رێوه‌به‌ری داتا‌کان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستا ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: "ئه‌و یاسا نوێیە له سنووری ماده‌ی ١٤٠ زیان بە ده‌نگی کورد ده‌گەیەنێت و ده‌نگی کورد پرش و بڵاو ده‌بێت".