سێ پرۆژەی كارەبا لە هەولێر کرانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سێ پرۆژەی كارەبا لە هەولێر کرانەوە

بە مەبەستی چارەسەرکردنی بارزۆریی سەر تۆڕەکانی کارەبا لەناو شاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ پڕۆژە کرانەوە و وەزیری کارەباش دەڵێت ئێستا لە 24 کاتژمێردا 14 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی1ی2021 لەژێر چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ پرۆژەی بونیاتنانی وێستگەی كارەبای ئیسكانی نوێ و گرێدانی وێستگەی ئازادیی نوێ بە وێستگەی ئیسكانی نوێ و دەرهێنانی 5 فیدەری 11 كەی ڤی لە شاری هەولێر کۆتاییان پێ هات و کەوتنە کار.

ئەندازیار کەمال محەمەدساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئەو پرۆژانە و لە پرێس کۆنفراسێکدا گوتی: "ئەم پڕۆژانە بە تێچووی زیاتر لە سێ ملیار دینار جێبەجێ کراون و  بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەریی کێشەی کارەبا."

وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێستا لەگەڵ جێبەجێکردنی کێشەکانی کارەبا پرۆسەی دانانی پێوەری زیرەک بەردەوامە و هەتا ئێستا لەکۆی یەک ملیۆن هاوبەشی کارەبا، بۆ نزیکەی 400 هەزار هاوبەش دانراوە".

ئەندازیار کەمال محەمەدساڵح، ڕوونیشی کردەوە: "تەندەریان بۆ ژمارەیەک کۆمپانیای زەبەلاحی بواری کارەبا داوە بۆ ئەوەی کەرتی کارەبا بەتایبەت بکرێت، کۆتایی ئەم مانگە تەندەرەکان دەکرێنەوە و دواتر پرۆسەی گرێبەستەکان جێبەجێ دەکرێن".

لەبارەی کڕینی کارەبا لە تورکیاش وەزیری کارەبا گوتی: " مانگانە بڕی 150  مێگاوات کارەبا بە بڕی 7 ملیۆن دۆلار لە تورکیا دەکڕین، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە تێچووی پڕۆژەی دهۆک بەهۆی سووتەمەنییە، چونکە بە گازوایل کار دەکات نەک بە غاز. ئەوەش وای کرد کارەبا لە تورکیا بکڕین".

هەر لەمبارەوە هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت گوتی: "کردنەوەی پڕۆژەکانی کارەبا لە هەولێر کێشەی بارزۆریمان بۆ چارەسەر دەکەن و ئەو کێشانەی ماون لەو بوارەدا کاریان تێدا دەکرێت".