یوكسەل ئەفشار بۆ (باسنیوز): لەناو بنەماڵەی ئێمەدا ئافرەت تاجی سەرە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یوكسەل ئەفشار بۆ (باسنیوز): لەناو بنەماڵەی ئێمەدا ئافرەت تاجی سەرە

"مەسعود بارزانی سەرۆكێكی بە بایەخ و گرنگە"

دیمانە: رۆكەن خاتوون تورهانلی

وەرگێڕانی لە توركییەوە: كارزان گلی

نزیكەی نیو سەدە دەبێت یوكسەل ئەفشار وەكوو ئافرەتێكی سیاسی و چالاكوانی كورد لە توركیا بەردەوامە. ئەو وەكوو ئافرەتێكی كورد باجی زۆر قورسی داوە تا گەیشتووەتە ئەو ئاستە، نموونە لە كودەتای ١٢ی ئەیلوولی توركیا خرایە زیندان و ئەشكەنجەی زۆری بینیوە، بەڵام بە زوویی هەستایەوە و لە كاری سیاسی و ئابووری بەردەوامە.

ئەفشەرەییەكان سەر بە عەشیرەتی "پیربادین"ن لە باكووری كوردستان، ئەوان زەمینەیان خۆش كردووە تا ئافرەتەكانیان بڕوای تەواویان بە خۆیان هەبێت.

(باسنوز) دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ (یوكسەل ئەفشار)دا كردووە، هەروەها لەڕێگەی ئەوەوە، توانیمان پرسیارێك ئاڕاستەی گۆرانیبژ و ئەكتەری ناوداری توركیا هولیا ئافشار بكەین، كە دەكاتە كچی برای یوكسەل.

١- زۆرجار باس لەوە دەكرێت خانەوادەی ئافشارییەكان توركن، هەندێك لەڕێگەی نووسین و تیزەوە ئەوەیان باس كردوە، لەو ڕووەوە دەتوانیت چیرۆكی ئافشەرییەكانمان بۆ باس بكەیت؟

یوکسەل ئەفشار: هەندێك لە عەشیرەتی كورد لەڕووی مێژووییەوە خانەوادەی زۆر بەناوبانگن. نەوە بۆ نەوە ئەو مێژووە باس كراوە، جا ئەمەش بۆ عەشیرەتی ئێمە كە پیربادییە راستە. عەشیرەتی ئێمە سەرقاڵی ئاژەلداری بوون و خۆیان بە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵییەوە سەرقاڵ كردووە، هەروەها كۆچەری بوون و جموجۆڵیان زۆر بووە و خاوەن ژیانێكی تایبەت بە خۆیان بوون. عەشیرەتەكەمان لە (لیجە، سیلڤان، كولوپ، ئاگری، ئییلیشكیرت و رەققە) و چەند ناوچەیەكی تیریش بڵاو بوونەتەوە و لەو ناوچانە نیشتەجێن. خێزانی ئێمەش هەر لەو عەشیرەتەوە سەرچاوەی گرتووە و مێژووی ئێمەش لەگەڵ ئەواندایە.

دەمەوێت باس لەوەش بكەم، لە سەردەمی سوڵتان ئەحمەدی دووەمدا، بەهۆی ئەوەی عەشیرەتی ئێمە لەڕووی ئابووری و ئاژاڵداری و گەورەییەوە ناوبانگیان هەبووە، بۆیە بۆ رەققە دوور خراونەتەوە، بەڵام دوای ماوەیەك لەوێش دەستیان بە ئاژاڵداری كردووە و لەو ڕووەوە ناوبانگیان دەركردووە.

٢ - چیرۆكی ناسناوی ئەفشار بۆچی دەگەڕێتەوە؟

یوکسەل ئەفشار: لەناو عەشیرەتی ئێمەدا کە بە ئەفشار ناوبانگمان دەركردووە، واتە لەو سەردەمەدا ناسناوی ئێمە بە (باخچەی شێران) دەرچووبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ١٩٣٤ بۆ ١٩٤٦ دەبا ناوی عەشیرەتە كوردەكان بگۆڕدرابایە، بۆیە عەشیرەتی ئێمەش لە "هێڤشێر"ەوە گۆڕیمان بۆ ئەفشار. لە بەڵگەنامەكانی عوسمانییەكانیشدا لە ١٨٣٥ بۆ ١٨٣٦، باس لەوە كراوە عەشیرەتی ئێمە موسڵمانن.

٣- لەگەڵ چەند پارتێكی سیاسی كارت كردووە، هەروەها بەرپرسیاریشت هەبووە، دەكرێت هەندێك باسی ئەو چالاكییە سیاسییانەمان بۆ بكەیت؟

یوکسەل ئەفشار: رۆڵ و كاریگەریی من لەناو سیاسەتدا دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزیی خانەوادەكەمان، كە زەمینەی ساز كردووە بۆ من و كەسانی تر. لە ئەنقەرە لە DDKD و پاشان لەگەڵ پارتی رێگەی ئازادی ئاشنا بووم و كارم لەگەڵیاندا كرد، لە دەرەوەی ئەوانەش لەگەڵ چەند رێكخراوێكی مەدەنی تایبەت بە مافی ئافرەت كارم كردووە. لە توركیا لەگەڵ پارتی كاریشدا كارم كردووە.

بەهۆی ئەوەی لە سەندیكاكاندا كارم كردووە، بۆیە لە بانكی عوسمانلی دەركرام، بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەرەكە فەرەنسی بوو، بۆیە پەیوەندیی پێوە كردم و قەرەبووی دەركردنەكەی پێدام. پاشان لە دامەزراوەیەكی دەوڵەتیش كارم كرد و دەركرام، چونكە دەوڵەت هەرگیز لەگەڵ كەسانی وەكوو ئێمە كار ناكات و رێگە ناگرێتە بەر.

دەمەوێت ئەوەش باس بكەم، لە پارتی KADEP كە سەرۆكەكەی شەرەفەدین ئێلچی بوو، لەوێ جێگری سەرۆك بووم و لە چەند رۆژنامەیەكی توركیش وەكوو گۆشەنووس بەردەوام نووسیومە.

٤ - باسی ئەو سەردانەمان بۆ بكە لە هەولێر، كە لەگەڵ چەند ئافرەتێك بۆ بەشداریی كۆبوونەوەیەك سەردانی هەولێرت كردبوو؟

یوکسەل ئەفشار: لە كۆبوونەوەی ئافرەتانی هەولێردا ئامادە بووم و بەشداریم كرد، لەوێ توانیم چاوم بە سەرۆك مەسعوود بارزانی بكەوێت، ئەمە یەكەم دانیشتنی من نەبوو لەگەڵیدا، بەڵام لەو دانیشتنەدا بارزانی پێی گوتم بایەخ و هاوكاریتان دەكەم بۆ ئەوەی خەبات بكەن لەپێناو مافی ئافرەت و رۆڵی كاریگەرتان هەبێت.

بارزانی سەرۆكێكی زۆر بە بایەخ و بەڕێزە و بیرۆكەكانی ئەو جێگەی رێزە، چونكە بۆ خۆی و خانەوادەكەی ساڵانێكی زۆرە خەبات و تێكۆشانیان بۆ كورد هەبووە، بۆیە ئەو سیستەمەی دروستی كردووە رێزی لێ دەگرم.

لە سەروبەندی ریفڕاندۆمیش سەردانی هەولێرم كرد، هەستێكی زۆر خۆش بوو، بۆیە بڕوام وایە لە داهاتوو كورد دەگاتە مافی چارەی خۆنووسین.

مام جەلالیش یەكێك بوو لەو سەرۆكە نەتەوەییەی لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بە بایەخ بوو. ئەو سیاسییەكی زۆر بەهێز بوو. لە ٢٠٠٨ كاتێك هاتە ئەنقەرە لە فڕۆكەخانە پێشوازیم لێی كرد، لە نزیكیشەوە بینینی ئەو و ناسینی ئەو بۆ من جێی بایەخ بوو.

 پرسیاری (باسنیوز) بۆ گۆرانێبژ و ئەكتەری ناوداری بە رەگەز كورد هولیا ئەفشار:

٥ - وەكوو ئەوەی زانیومانە، لەناو خانەوادەكەتاندا ئافرەت رێژەی بڕوابوونی بە خۆی زۆر بەرزە، تۆیش کارنامەیەکی لەوڕووەوە بەهێزت هەیە. باشە كولتووری خانەوادەكەتان و پێگەیشتنتان بەچی دەبەستیتەوە؟

هولیا ئەفشار: تاكوو ئێستا وەكوو تاكێكی بەهێزی خانەوادەكەمان، پەیوەندیی من وەكوو یاریی منداڵان و گوڵی منداڵانە نەبووە، بەڵكوو بە خۆشەویستیی و پەیوەستبوون گەورە بووم. من لە خانەوادەیەكی زۆر گەورەوەدا پێ گەیشتووم. لە هەمووشی گرنگتر، هەر تاكێك لەناو ئێمەدا بە هەوڵ و ماندووبوون بوونی خۆی سەلماندووە.

لە هەمووشی گرنگتر لەناو خێزانی ئێمەدا ئافرەت بایەخی زۆری هەبووە، مافی قسەكردن و بۆچوونی هەبووە و بە عەقڵی ئافرەت ژیاون و بەڕێوە بردراون، بۆیە ئافرەت تاجی سەریان بووە. دەكرێت بڵێم هێزە سەرەكییەكە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. كچی پووریشم یوكسەل ئەفشار نموونەیەكی جوانی ئافرەتی ناو خێزانەكەمانە، خەباتی ئەو و رێگەی ئەو جیاوازە، بەڵام رێگە هەموومانە. بە كورتی لە خێزانی ئێمەدا، ئافرەتەكان و پیاوەكان پاڵپشتی یەكتری بوونە بۆ ئەوەی بڕوایان بە خۆیان هەبێت و مافی ئازادی رادەربڕین لەناوماندا چەندین گەنجی تر پێ دەگەیەنێت.